گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و پاریس دەستپێدەکات
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و پاریس دەستپێدەکات.
لەنێوان هەولێر و 33 شاری دیکەی جیهان لەڕێگەی 20 هێلی ئاسمانییەوە، گەشتی ڕاستەخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە ئەنجام دەدرێت، بەشێک لە وڵاتانیش لەماوەی ڕابردوودا ڤیزایان بۆ گەشتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵگرتووە، ئەمە وای کردووە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان ڕوو لە گەشتکردن بکەن، بە هۆیەوە کاری نووسینگەکانی گەشتوگوزار بووژاوەتەوە، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: چاوەڕێ دەکەین لە داهاتووێکی نزیکدا گەشتی ڕاستەوخۆی هەولێر- پاریس دەستپێبکات و گەشتەکانی هێلی ئیماراتیش دەگەڕێنەوە، ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریی و فڕۆکەوانی دەبێت.
بەهۆی پشووەکانەوە، تکتی زیاتر بۆ هاتنە کوردستان دەبڕدرێت، مانگی داهاتووش زۆرترین تکتی گەڕانەوە دەبڕدرێت، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بەهۆی گەشتە ڕاستەوخۆکانەوە، جگەلە گەڕانەوەی کات، تێچووی گەشتیشیان کەمتر بووە.
هۆزار کارمەندی کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی کوردستان دەڵێت: ئەو ماندووبوونەوەی هاووڵاتییان لە ترانزێت دەیبینن، دەیانەوێت پارەیەکی زیاتر بدەن بۆ ئەوەی گەشتەکەیان ڕاستەخۆ ئەنجام بدەن، بۆیە خەڵکێکی زیاتر ڕوو لە گەشتی ڕاستەخۆ دەکەن، ئەو خەڵکەی هاتووەتەوە کوردستان، ئێستا دەگەڕێنەوە وڵاتەکان.
ئێستا گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ 18 وڵات هەیە، گەشتەکانیش بۆ 33 شاری جیهانە، دوای لەندەن، گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و تونس دەستی پێکرد، بەم نزیکانەش گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر- پاریس دەستپێدەکات.
ئێستا هەوڵی گەڕانەوەی هێلی ئاسمانی ئیماراتی دەدرێت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، ئەو گەشتانە لەڕێگەی 20 هێلی ئاسمانییەوە ئەنجام دەدرێن.
لاوەند مەموندی سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەوڵدەدەین لە زووترین کات گەشتی ڕاستەوخۆی نێوان هەولێر و پاریس بکرێتەوە، هاوکات هەوڵ دەدەین هێلی ئاسمانی ئیماراتی بگەڕێنینەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەوەش جوڵەی بازرگانیی و گەشتیاران زیاد دەکات.
سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی لە هەرێمی پێشتر ڕایگەیاند، یەکەم گەشتی ڕاستەخۆی نێوان هەولێر-تونس لە 15ـی تەممووزی ئەمساڵ کە دەکاتە رۆژی دووشەممە، دەستپێدەکات، دواتریش هەموو ڕۆژانی دووشەممە ئەو گەشتە ڕاستەخۆیانەی هەولێر و تونس بەردەوام دەبێت.
مەموندی دەڵێت، ئەو پرۆسەیە دوای بڕیاڕێکی وڵاتی تونس هات کە ڤیزای بۆ هاووڵاتییانی عێراقی نەهێشت و ئێستا هاووڵاتییانی عێراق دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشتی تونس بکەن، بەمەش هەولێر جارێکی دیکە دەچێتە قۆناغێکی بەرزتر کە بەکیشوەری ئەفریقا دەبەسترێتەوە، دەشڵێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڵای ئەربیل کاری زیاتر بۆ کردنەوەی دەروازەی ئاسمانیی زیاتر بەڕووی کوردستاندا دەکەن، مەموندی ئەوە بە ئەرکی نیشتمانی دەزانێت کە هەولێر ببەستنەوە بە تەواوی وڵاتانی جیهان.
ئاماژە بەوەش دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پاڵپشتیی لە کۆمپانیا و پرۆژەکانی کەرتی تایبەت دەکەن و دەیانەوێت کەرتی تایبەت سەربکەوێت، پێشی وایە ئەمساڵ هەولێر ڕیکۆردێک لە هاتنی گەشتیاران تۆمار دەکات و ژمارەکان زۆر بەرز دەبنەوە، بۆیە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە هەوڵی بەردەوام دەبێت بۆ زیادکردنی گەشتەکانی.