هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج ڕێککەوتن

دیمەنێکی کۆبوونەوەکە
دیمەنێکی کۆبوونەوەکە

K24 – هەولێر:

دوای سەردانی لێژنەی باڵای ڕێکخستنەوەی باج لە حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند خاڵێک لە بواری باج گەیشتنە ڕێککەوتن کە دەبێتە کارئاسانی بۆ ئەو کارگە و کۆمپانیا و بانکانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کاردەکەن.

یەکێک لە خاڵەکان بریتییە لە داننان بە پاکانەی باجی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە کە پێشتر هیچ بایەخێکیان بۆ دانەدەنا. هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی کارگەکانی کوردستان، کە پێشتر داوای باجیان لێ دەکردن بە بیانووی ئەوەی بەرهەمەکانیان لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ساغ دەکەنەوە، بۆ لەمەودوا ئەو کارگانەی لە کوردستانن دەبێت باجی داهاتەکانیشیان لەکوردستان بدەن.

هاوکات هەردوولا لەسەر چارەکردنی کێشەی پێدانی سووتەمەنی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی هاندرا و کەماوەیەکە پێدانی سووتەمەنیان بەو کارگانە ڕاگرتووە بە بیانووی نەدانی باج بە حکوومەتی فیدراڵی.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێم و بەغدا  ڕێککەوتن لەسەر یەکخستنی ڕێکار و ڕێوشوێنەکانی وەرگرتنی باج کرا بە میکانیزمی هاوبەش. هاوکات هەردوولا لەسەر بانکەکان ڕێکەوتن کە بارەگای سەرەکی بانکەکە بکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی باج و ڕێککەوتن لەسەر هەماهەنگی پێویست و گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج.

Fly Erbil Advertisment