میران بەختیار: هەوڵ دەدەین وادەی وەرگرتنی گەنم درێژ بکەینەوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند: سبەی دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەوڵ دەدەن وادەکە درێژ بکەنەوە.
سبەی 20ـی مانگ دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، لە سایلۆی ھەولێریش لە کۆی 228 ھەزار تۆن، زیاتر لە 212 ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە داوا لە جووتیاران دەکرێت پێش کۆتایی ئەو وادەیە گەنمەکانیان ڕادەست بکەن.
جووتیاران و ئەو شۆفێرانە گەنمەکان دەگوازنەوە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەمساڵ بەھۆی ئەو رێکخستنەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرا وایکرد بەبێ کێشەو بە ئاسانی گەنمەکانیان ڕادەست بکەن ئەمەش تێچووی گواستنەوەی گەنمی لەسەر جووتیاران کەم کردەوە و دەرفەتی کاری زیاتریشی بۆ شۆفێران ڕەخساند کە زۆرترین گەنمیان گواستوەتەوە.
لەگەڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئەو بڕە پاریەی کە بەغدا دەنێردرێت، دەدرێت بە جووتیاران، ئێستە 20 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای ھەولێر دابەش کراوە.
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: سبەی دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، هەوڵ دەدەین وادەکە درێژ بکەیەنەوە بۆ ئەوەی سەرجەم جووتیاران بتوانن گەنمەکانیان ڕادەست بکەن.
ێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە 700 هەزار تۆن دیاری کراوە، لە ڕێژەیەش 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک.
ڕۆژی (19ـی حوزەیرانی 2024) کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵانە تا نزیکەی 40 بۆ 45 ڕۆژ دەرگای سایلۆکان واڵا دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران بێن و گەنمەکانیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەگەر بینیمان پێویست دەکات، وادەی گەنم وەرگرتن درێژ دەکەینەوە.
باسی لەوەش کرد، بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران بە گشتیی باش بووە، گەنم دەبێت چەند تایبەتمەندێکی هەبێت، ئینجا لە سایلۆکان وەردەگیرێت، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی نەبێت وەرناگیرێت و ڕەت دەکرێتەوە. سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، پێوەرەکان بۆ وەرگرتنی گەنم، دەبێت گەنمەکە هی ئەمساڵ بێت و مێروو لێی نەدابێت.