ئەمڕۆ دوا ڕۆژی وەرگرتنی گەنمە

ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانە، تاکو ئێستەش 16 هەزار تۆن گەنم ماوە جووتیاران ڕادەستی سایلۆکانی بکەن، لای خۆیەوە بەڕیوەبەری سایلۆی هەولێر داوا لە جووتیاران دەکات بە زووترین کات گەنمەکانیان ڕادەست بکەن.
شەممە، 20ـی تەمموزی 2024، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئەمڕۆ نزیکەی 222 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانمان وەرگرتووە، چاوەڕێین ئەمڕۆ ئەو گەنمەی ماوە وەریگرین، چونکە ئەمڕۆ دوایین ڕۆژە بۆ وەرگرتنی گەنم، بۆیە داوا لەو جووتیارانە دەکەین، ئەوەی گەنمی ماوە بە زووترین کات بێن گەنمەکەیان ڕادەست بکەن، نامانەوێت کەس بێبەش بێت لەم ڕادەستکردنە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "هەموو ڕۆژەکان ئێمە تاکو کاتژمێر 1ـی شەو کارمان کردووە، بۆ ئەوەی گەنمی جووتیاران وەرگرین، تەنیا پشوومان دوو ڕۆژی جەژن بووە".
دەشڵێت: "ئێمە سامپڵمان هەیە، خۆمان تەلەفۆن بۆ جووتیاران دەکەین کە بێن گەنمەکەیان ڕادەست بکەن، هۆکاری نەهاتنیان نازانین چییە. ئەمڕۆ ئامادەبوونیان لە سایلۆ کەمە، چەن زووتر بێن جووتیاران بۆ ئێمە باشترە، بەڵام هۆی نەهاتنیان بۆ ئێرە نازانین".
میران بەختیار ڕاشیگەیاند، "تا ئێستە 17 ملیار دیناری عێراقیمان دابەش کردووە سێ ملیاری دیکەش لە ڕێگەیە بۆمان بێت، لەگەڵ هەر تەواو بوونێک بڕێکی دیکەی پارە دێت".
لای خۆیەوە نازم محەممەد، بەڕیوەبەری سایلۆی دهۆک دەڵێت، "هەتا ئەمڕۆ 181 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەرگیراوە، بە هەرسێ سایلۆی دهۆک، شێخان و زاخۆ، ئەو ڕێژەیە وەرگیراوە.
ڕاشیگەیاند، "کێشەی تەنیا سایلۆی شێخانە، چونکە ئەگەر ئەو بڕە گەنمەی دیاری کراوە لە جووتیار وەرگیرایە، ئێستە پێنج ڕۆژ لە وادەی دیاری کراو کۆتایی هاتبوو".
تا ئیستە هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی کاتی وەرگرتنی گەنم، چونکە هەڵوێستی دادگایی عێراقی فیدراڵ زۆر توندە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەم ساڵدا، هەر بۆیە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژە بۆ وەرگرتنی گەنم"
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی گەنمی جووتیارانە کە دەبێت جووتیار ئەمڕۆ گەنمەکە ڕادەستی سایلۆی بکات و بەهیچ شێوەیەک ماوەی وەرگرتنی گەنم درێژ ناکرێتەوە، وەکو خۆشمان تاکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە ئێمە لە سایلۆ دەمێنینەوە، هەتاوەکو بارهەڵگرێکی گەنم ما بێت ئێمە لێی وەردەگرین، بەڵام وەک دەبینرێت گەنمێکی کەم ماوە بۆ وەرگرتن.
ئەو بەڕیوەبەرە دەڵێت، "273 هەزار تۆن گەنم بە هەموو سایلۆکانی سلێمانی وەرگیراوە، ئێمە لای خۆمانەوە 265 هەزار تۆنمان وەرگرتووە. سەبارەت بە پارەی گەنمی جووتیارانیش 28 ملیارمان پێگەیشتووە ڕاستەوخۆ دابەشمان کردووە، ئەو برە پارەی کەماوە بەم نزیکانە دەگات و ئەویش دابەش دەکەین".
ڕاشیگەیاند، "ئەو گەنمەی لە سایلۆ دەمێنێتەوە ئاشەکان دەیبەن دەیکەن بە ئارد و دواتر دەنێردرێتە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان".