لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین پەلاماری سەگی بێلانە دوو ئەوەندە زیادی کردووە

لە شەش مانگی رابردوو لەسنووری ئیدارەی ڕاپەرین، ئەو کەسانەی بە پەلاماری سەگی بێلانە بریندار بوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو کەسانەیە بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ برینداربوون.
د. سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری ڕاپەڕین بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گرفتی ئەوسەگانە هەر گاز گرتن نییە، بەڵکو گازگرتنەکەی کۆمەڵێک کێشەی تەندروستییمان بۆ دروست دەکات، وەک نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان کە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێنەوە. هەروەها زۆربەی نەخۆشییە مەترسیدارەکان لە سەگەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ؛ وەک نەخۆشی کرمەکان و نەخۆشی پێست وەکو گەڕی و بەکتریاییەکان و کەڕووەکان؛ سەرباری ئەوەش ژینگەی شار و شارۆچکەکانی تێک داوە و ناشرینی کردووە. گوتیشی: لە ڕووی سایکۆلۆجییەوە مەترسییەکی زۆری خستووەتە سەر منداڵان و ئافرەتان.
لە شەش مانگی رابردوودا 130 هاووڵاتی لە سنووری راپەرین، بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ بریندار بوون، بەڵام ڕووداوەکانی پەلاماردانی سەگ زیاترە، لەو شەش مانگە 231 کەس ڕووبەرووی پەلامار و گازگرتنی سەگی بێلانە بوونەتەوە و لە بەشەکانی فریاکەوتن چارە کراون.
تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستی ڕاپەڕین دەڵێت: لە ماوەی شەش مانگی ڕابروودا، بەپێی ئاماری شەش نەخۆشخانەی سنوورەکەمان، نزیکەی 231 حاڵەتی گازگرتنی سەگ هەبووە، هەروەها ڕێژەکە بەراورد بەساڵانی ڕابروودا زۆر زیادی کردووە، گوتیشی: ئەو حاڵەتانە وایکردووە زۆر جار نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی کەمی دەرزی دژە ژەهر دەبنەوە.
چارەی دیاردەی زۆربوون و بڵاوبوونەوەی سەگی بێلانە، تا ئێستا نادیارە، پێشنیازەکان بۆ چارەی کێشەی سەگی بێلانە زۆرن، بەڵام ئەوەی بە کردەیی تا ئێستا جێبەجێ کراوە، کردنەوەی شەڵتەرێکە بۆ کۆکردنەوە و دوورخستنەوەیان لە ئاوەدانی هاوشێوەی شەڵتەری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکانی هەولێر.