رۆژنامه‌یه‌كی رووسی: له واقیعدا عێراق یه‌كپارچه نییه
"مه‌سه‌له‌ی نه‌وت ئه‌و راستییه‌ی ده‌رخستووه"
K24 - هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی "كۆمێرسانت"ی رووسی، باس له ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌كات، به‌تایبه‌تیش له باره‌ی هه‌نارده و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت, رۆژنامه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، له رووی واقعییه‌وه چیدیكه عێراق یه‌كپارچه نییه.
رۆژنامه رووسییه‌كه، نووسیویه‌تی: "حكوومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ولێر نه‌گه‌یشتینه رێككه‌وتن، له رێگه‌ی ئێرانه‌وه نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده‌كه‌ین ئاماده‌كاریش بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه كراوه".
رۆژنامه‌كه له باره‌ی رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا، بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به خاكی هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت: "مه‌سه‌له‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق، كه ئێستا توانای ئه‌وه‌ی نییه به خاكی خۆیدا نه‌وت هه‌نارده بكات، وایكردووه چیدیكه له رووی كردارییه‌وه ئه‌و ده‌وڵه‌ته به یه‌كپارچه نه‌مێنێته‌وه".
ئێستا كۆمپانیای به بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه، له رێگه‌ی بۆڕی نه‌وتی هه‌رێم، كه كورد سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جیهانی توركیا بكاته‌وه.
فه‌یاز نیعمه، جێگری وه‌زیری نه‌وتی عێراقیش رایگه‌یاندبوو، له حاڵه‌تی شكستهێنانی گفتوگۆكان بۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت له رێگه‌ی بۆڕی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا نه‌وتی عێراق، له رێگه‌ی خاكی ئێرانه‌وه هه‌نارده ده‌كه‌ن و گوتیشی: "چونكه پێویستمان به پاره‌یه".
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، بۆ رۆیته‌رز ئاشكرایكرد، ئه‌گه‌ر گفتوگۆكان شكستییان هێنا، ده‌كرێت عێراق، له رێگه‌ی گرێبه‌ستی ئاڵوگۆڕكردنه‌وه (Swap Contract)ه‌وه له‌گه‌ڵ ئێران، نه‌وتی خۆی هه‌نارده بكات.
ئێستا بۆری نه‌وتی هه‌رێمی، رۆژانه 75 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی عێراق، هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كات، ئه‌وه‌ش ده‌كاته نیوه‌ی ئه‌و رێژه‌یه‌ی كه به‌ر له مانگی ئادار/ مارسی ئه‌مساڵ هه‌نارده ده‌كرا.
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "پێده‌چێت كورد ئاماده بێت بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتنێكی نوێ له‌گه‌ڵ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ی مانگانه بڕی یه‌ك ملیار دۆلاری بۆ دابین بكرێت، نه‌ك 400 ملیۆن دۆلار".
میخائیل كرۆتیخین، هاوبه‌شی ئاژانسی راوێژكاری "رووس ئینێرجی"، ده‌ڵێت: "به‌غدا ناتوانێت كۆنتڕۆڵ دۆخه‌كه بكات، چونكه زۆربه‌ی نه‌وتی عێراق، كه هه‌نارده‌ی توركیای ده‌كات، له هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێندرێت".