بارسێلۆنا لە گواستنەوەی ئەستێرە دڵخوازەکەی نزیک دەبێتەوە

دانی ئۆڵمۆ یاریزانی یانەی لایپزیگ
دانی ئۆڵمۆ یاریزانی یانەی لایپزیگ

بەرپرسانی یانەی لایپزیگی ئەڵمانیا، ئامادەن ئاسانکاری بۆ دانی ئۆڵمۆ هێرشبەری ئیسپانی یانەکەیان بکەن، بۆ پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای وڵاتەکەی.

دانی ئۆڵمۆ هێرشبەری لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی لایپزیگی ئەڵمانیا، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم هاوینەی یانەی بارسێلۆنایە، بەڵام بەهۆی زۆری مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی، بارسێلۆنا دوو دڵە لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە، هەرچەندە ئەمڕۆ بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کە 60 ملیۆن یۆرۆ بەسەر چووە، بۆیە هەر یانەیەک بیەوێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، راستەوخۆ دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ یانەکەی بکات.

رۆژنامەی وەرزشی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی یانەی لایپزیگ بەرامبەر وەفاداری یاریزانەکەیان، ئامادەن ئاسانکاری بۆ بکەن، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە بکات، لەبەر ئەوەی وەرزی رابردوو لە پێناو مانەوە لە یانەکەی، ئۆفەری یانەی مانچێستەر سیتی رەتکردەوە.

ئێستا یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا دەرفەتی ئەوەیان لە بەردەمە، راستەوخۆ گفتوگۆ لەگەڵ یانە ئەڵمانیەکە بکەن، بۆ ئەوەی مافی دەستبەرداربوون لە دانی ئۆڵمۆ بەدەست بهێنن.