شوان کەلاری: لە پەرلەمانی عێراق داوای هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدانمان کردووە
K24 – بەغدا:
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر یاسای دامەزراوەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق هەموار بکرێتەوە مووچە و شایستەی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان کە دانیشووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، هاوتای مووچەی کەسوکاری شەهیدانی عێراق دەکرێت و قەرەبووش دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 20ـی تەمووزی 2024 پەرلەمانی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەیدا دوای تەواوبوونی پشووی وەرزای یاسادانان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی شەهیدان کرد، ئەم هەموارە بەشێکی پەیوەستە بە مووچەی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی هەموارەکە تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەموارکردنەوەی یاساکە یەکێک بووە لە مەرجەکانی کورد بۆ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە پێکهێنانی حکوومەتی ئەمجارەی عێراق.
هاوکات دەڵێت: بە هەموارکردنەوەی یاساکە، کە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون، لە ناویدا هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەش دەگرێتەوە، بەو مەرجەی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بن، مووچەیان لەگەڵ شەهیدانی عێراق هاوتا دەکرێت و قەرەبووش دەکرێنەوە.
جەختی لەوەش کردەوە: هەوڵیان داوە تەنیا کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە بەڵکو ئەوانەی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. ناوبراو گوتی: بەپێی هەمواری یاساکە مووچەی کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر لە 500 هەزار دینارەوە دەبێتە ملیۆنێک و 200 هەزار دینار.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی: "لەگەڵ وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵین و خەریکین دیدگەکان یەک دەخەینەوە بۆ ئەوەی مووچەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی لە ئاستی عێراق یەکبخرێت."