ریاڵ مەدرید ریکۆردێکی مێژوویی تۆمار دەکات
لەوەتەی دامەزراندنی ماڵپەری Transfermarket هیچ کاتێک نەبووە 7 یاریزانی یانەیەک، بەهاکەیان 100 ملیۆن یۆرۆ یان زیاتر تێپەڕێنێت، بەڵام بۆ یەکەمجار یانەی ریاڵ مەدرید ئەو ژمارە مێژووییەی تۆمار کرد.
لە نوێترین ریزبەندی بەهای یاریزانان کە ناوە ناوە ماڵپەری ترانسفێرمارکێت بڵاوی دەکاتەوە 7 یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بەهاکەیان 100 ملیۆن یۆرۆ یان زیاتر خەمڵێندراوە، بەمەش یانە شاهانەکە دەبێتە یەکەم یانە لە مێژووی دامەزراندنی ئەو ماڵپەرە، ئەو ژمارە پێوانەییە تۆمار بکات.
ئەم دەستکەوتە گەورەیە دەرئەنجامی سیاسەتی ورد و پلانی درێژخایەنی یانەی ڕیاڵ مەدرید لە بواری گواستنەوە و گرنگیدان بە باشترین بەهرەمەندەکانی جیهانە. لۆس بلانکۆس بە ئەنجامدانی وەبەرهێنانی زیرەک و گواستنەوەی ئەستێرە گەنجەکان، نەک تەنها هێزی خۆیان لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان زیاد کردووە، بەڵکو بەهای سەروەت و سامانەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
هەر یەکە لە جود بێلینگهام، ڤینیسیۆس جونیۆر، کیلیان ئێمباپێ، فێدێریکۆ ڤالڤێردی، رۆدریگۆ، کاماڤینگا هەروەها چوامینی بەهاکەیان 100 ملیۆن یۆرۆ یان زیاتر خەمڵێندراوە، هەر سێ یاریزان بێلینگهام و ڤینیسیۆس و کیلیان بەهاکەیان 180 ملیۆن یۆرۆیە و پێشەنگایەتی ریزبەندی گشتیان گرتووە.