بەسرە؛ گەندەڵی و بێسەروبەریی دانیشتوانەکەی بێزار کردووە

دۆخی بەسرە
دۆخی بەسرە

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، سەرپێچی زۆر لە پرۆژەكانی وەبەرھێنان و خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای بەسرە تۆمار كراون و چەندین پرۆژە بەھەدەر دراون.

ئەم شارەی باشووری عێراق؛ وێڕای دەوڵەمەندییەکەی بە نەوت، بەدەست هەژاری و نەبوونیی خزمەتگوزارییەوە گیرۆدەیە. لە سەدا 70ـی نەوتی عێراق لە پارێزگەی بەسرە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام نەبوونی ئاو و کارەبا، خراپیی ڕێگەوبان و كەرتی تەندروستی، بێکاری و پیسبوونی ژینگە، بەشێکی زۆری دانیشتووەکانی ھەراسان كردووە و جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی پەرلەمانی عێراقیش، ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە، بە بەرپرسیار دەزانێت لەم دۆخەی پارێزگاكە و جەختیشی کردەوە، گەندەڵی لە بەسرە یەکجار بەربڵاوە.

یاسر حوسێنی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئابووری و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی تایبەت بۆ چاودێریی پرۆژەی وەبەرھێنان و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای بەسرە پێك ھێنراوە و لەلایەن پەرلەمانتار سعود ساعدییەوە سەرۆكایەتیی دەكرێت. گوتیشی، بەگوێرەی لێكۆلینەوە و بەدواداچوونەكان دەركەوتووە سەرپێچی زۆر تۆماركراون و چەندین پرۆژە لە بەسرە بەھەدەر دراون.

ئەو پەرلەمانتارە، كەرتی تەندروستی بەسرە بە نموونە دەھێنێتەوە و دەڵێت، ھاووڵاتییەكی زۆر تووشی شێرپەنجە بوونە، بەجۆرێك لەھەر 10 نەخۆش، حەوتیان تووشی شێرپەنجە بوونە. ھاوكات، گرێبەستی لوولەی نەوتی بەسرە - عەقەبە، بە گرێبەستێكی لاواز ناو دەبات.

سەبارەت بە ڕۆڵی پارێزگاری بەسرە لەم هەلومەرجەدا، یاسر حوسێنی، دەڵێت، بەرپرسیارێتی تەواوی ئەم دۆسیانە لە ئەستۆی ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرەیە و داواش لە سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات هەنگاو بنێت بۆ ڕزگارکردنی پارێزگای بەسرە و هەموو ئەو پارێزگایانەی بەدەست هەژاریی و نەبوونی خزمەتگوزارییەكانەوە گیرۆدەن.