سوودانی باشوور ئەمریکای تووشی شۆک کرد

لیبرۆن جەیمس یاریزانی هەڵبژاردەی باسکەی ئەمریکا
لیبرۆن جەیمس یاریزانی هەڵبژاردەی باسکەی ئەمریکا

هەردوو هەڵبژاردەی باسکەی ئەمریکا و سوودانی باشوور، لە بەردەوامی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئۆڵمپیکی 2024ـی پاریس، ئەمجارەیان لە کۆتا یاریی دۆستانە و ئامادەکاری رووبەڕووی یەکتری بوونەوە و ئەمریکا بە ئەستەم توانی یارییەکە بباتەوە.

هەڵبژاردەی باسکەی ئەمەریکا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ئۆڵۆمپیکی هاوینە لە پاریس، ماوەیەکە لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا ئامادەکاری دەکەن، ئەو هەڵبژاردەیە لە چوارەمین یاری دۆستانە رووبەڕووی هەڵبژاردەی باشووری سودان بووەوە. بەپێچەوانەی پێشبینییەکان سوودان توانی ئەمریکیەکان شۆک بکات و بە ئەستەم یارییەکەیان بە جیاوازی تەنها یەکخاڵ دۆڕاند.

ئەمریکا یارییەکەی بەهێز دەستپێکرد و لە تیپێک نەدەچوو کە لە سەرەتای چارەکی یەکەمدا تووشی کێشە بێت. بەڵام سوودان ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش کرد کە لە هەمان چارەکدا پێش رکابەرەکەی کەوت. لە چارەکی دووەمدا ئاستی یاریزانە سودانییەکان گەیشتە لوتکە و جیاوازییەکی زۆر پێش رکابەرە بەناوبانگەکەیان کەوتن.

ئەمریکا لە چارەکی سێیەمدا ئەنجامی یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆی پێچەوانە کردەوە و یارییەکە لە چارەکی چوارەمدا لە یەکتری نزیک بووەوە. ئەمریکا لە دوای سودانەوە بوو بەڵام لە کۆتا 10 چرکەی یارییەکە لێبرۆن جەیمس دوو خاڵی تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی لە دۆڕان ڕزگارکرد و لە کۆتاییدا ئەمریکا یارییەکەی بە ئەنجامی 101-100 لە رکابەرەکەی بردەوە.