ئۆڵمپیکی پاریس دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ وەرزشوانان

ئۆڵمپیکی پاریس 2024
ئۆڵمپیکی پاریس 2024

کەمتر لە هەفتەیەک بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیکی 2024 لە پاریس ماوە و ڕۆژی هەینی داهاتوو لە پاریس دەستپێدەکات و باشترین وەرزشوانانی بوارە وەرزشییە جیاوازەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی میدالیای زێڕ. ئەم مێدالیایە ئەوەندە بەنرخ و گرنگە 23 وڵاتی جیاواز خەڵاتیان بۆ خاوەن میدالیاکانیان دیاری کردووە.

ماڵپەری USA TODAY لە راپۆرتێکدا ناوی ئەو وڵاتانە بڵاودەکاتەوە، کە خەڵاتی دارایی پێشکەشی ئەو وەرزشوانانە دەکەن کە مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیکی پاریس بەدەست دەهێنن سڕبیا زۆرترین خەڵاتی دارایی پێشکەشی وەرزشوانە بەشداربووەکانی وڵاتەکەی دەکات.

حکومەتی سڕبیا بڕیاریداوە هەر وەرزشوانێکی وڵاتەکەی مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیکی 2024 لە پاریس بەدەست بهێنێت 214 هەزار و 900 دۆلار وەکو خەڵات پێشکەشیان بکات. لە پلەی دووەمیش مالیزیا دێت و حکومەتی ئەو وڵاتەش بۆ هەر وەرزشوانێکی کە مێدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت 212 هەزار و 180 دۆلاری پێشکەش دەکات.

لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر خەڵاتی حکومەتی هەنگاریایە بۆ وەرزشوانەکانی، گوتەبێژی لیژنەی ئۆڵمپیکی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، هەر وەرزشوانێکی وڵاتەکەیان مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیکی 2024 بەدەست بهێنێت 65 هەزار دۆلار و پارچەیەک ئەڵماسی پێشکەش دەکرێت. بێجگە لەم خەڵاتانەش 2 تێکتی گەشت کردن کە خەرجی گەشتەکەیان نزیکەی 25 هەزار دۆلارە، پێشکەشی براوەی مێدالیای زێڕ دەکات.

کەمترین خەڵاتی داراییش حکومەتی ئوستوراڵیا پێشکەشی وەرزشوانەکانی دەکات، هەر وەرزشوانێکی ئوستوراڵی ئەگەر مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیکی پاریس بباتەوە 13 هەزار و 340 دۆلار وەکو خەڵات پێشکەشی دەکرێت.

لیستی خەڵاتە داراییەکانی وڵاتان بۆ وەرزشوانەکانیان
لیستی خەڵاتە داراییەکانی وڵاتان بۆ وەرزشوانەکانیان