عه‌بادی: ئاگاداری وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ نیم له‌ هۆشیار زێباری

هۆشیار زێباری: ماليكى له‌ پشت رووداوه‌كانه‌ و پرۆسه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ نییه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9b8c75d3-2505-4c14-83d5-90197eecce60/Zebari%20Perleman.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

حەیدەر عەبادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق, رەتیکردەوە ئاگاداری هەنگاوەکانی متمانەسەندنەوە بێت لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق و هیواشی خواست پرۆسەکە بە سیاسی نەکرێت.

وەزیری دارایی عێراقیش، مالیکی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، ده‌ستی له‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا هه‌یه‌ و له‌ پشته‌وه‌ی رووداوه‌كانه‌، ئامانجیشی لاوازکردنی عەبادیيه‌.

بابەتی متمانەسەندنەوە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق، بووه‌تە جێی باس و خواسی ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی ناوخۆی هەرێم و عێراقی، بەشێوەیەك کە بەشێك لە دەزگاکانی راگەیاندنی عەرەبییش هەنگاوەکەیان بە سیاسی داوەتە قەڵەم.

میدیا عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن، کە لێپێچینەوە لە وەزیرانی سووننە و کورد، مەبەست لێی بوار رەخساندنە بۆ چەسپاندنی حوکمی زۆرینەى شیعە لە عێراق.

چاودێرانی سیاسی کوردیش، پێیانوایە، ویستێک هەیە بۆ دوورخستنەوەی زیاترى پێکهاتەی کورد, لە پرۆسەی سياسى عێراق.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران دەڵێت:" ئاگاداری هەنگاوەکانی متمانەسەندنەوە زێباری نیم، هیواداریشم پرۆسەکە سیاسی نەبێت".

ئەمە لەکاتێکدا، خودی وەزیری دارایی، نوری مالیکی تۆمەتبار دەکات، کە لەپشت ئەو پرۆسەكه‌یه‌، بۆ لاوازکردنی عەبادی".

هاوکات ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، رایگەیاند: "لە هەفتەی داهاتوو یاخود، لەهەر دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان، بابەتی متمانەسەندنەوە لە زێباری دەخرێتە بەرنامەی کارەوە".

هەروەها وتی: "ئەو پەرلەمانتارانەی واژوویان لەسەر متمانەسەندنەوە لە هۆشیار زێباری کردووە، لە 100 کەس تێپەڕیکردووە".

بەڵام لەلایەکی دیکەوە، پێناچێت، لێپرسینەوەکان تەنیا بە وەزیرانی بەرگری و دارایی کۆتایی بێت، ئەوەتا، محەمەد کەون ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات، لەسەر داوای پەرلەمانتاران، هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و ئیبڕاهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەو عەدیلە حەموود وەزیری تەندروستی و محەمەد ئیقبال سەیدەلی وەزیری پەروەردە لێپچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

بە گوێرەی قسەکانی ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاهە، دوای جەژنی قوربان لێپچینەوەکان دەستپێدەکەن.  

لەسەر دۆسێی گەندەڵی ئەنجوومەنی نوێنەران، لێپرسینەوەی لەگەڵ هەریەک لە خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری و هۆشیاری زێباری وەزیری دارایی کردووە.