دیدارى هاوبەشى نێوان خوێندنى باڵاى کوردستان و تورکیا ڕێک دەخرێت
هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و تورکیا ئامادەکاریی بۆ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی فرە رەهەند دەکەن، لەگەڵ دیدارى هاوبەشى نێوان خوێندنى باڵاى کوردستان و وڵاتی تورکیا بۆ تێگەیشتنى زیاتر لە نێوان هەردوو سیستەمى خوێندن.
سێشەممە 23ـی تەممووزی 2024، شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێرۆل ئۆزڤار سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى باڵاى تورکیا کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵاى تورکیا خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە فراوانبونى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتەکەی و هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش هیواى خواست ئەم دیدارانە ببنە هۆى کرانەوەى زیاتر و پتەوکردنى پەیوەندییەکان.
لە بەرامبەردا شاندی وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئاماژەى بە پەیوەندییەکانى نێوان دامەزراوەکانى هەردوولا کرد بەتایبەت بۆ رەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ قوتابیانى هەرێمى کوردستان لە زانکۆ بەناوبانگەکانى وڵاتى تورکیا.
شاندەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان پشتیوانیى تەواوى خۆیان بۆ داواکاریی وەزیری خوێندنی باڵای تورکیا نیشاندا بۆ ئامادەکردنی یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردولا بەمەبەستى قوڵبوونەوەى زیاتر و پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆکانى هەردوولا، بۆ ئەمەش بڕیاردرا لە داهاتوودا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی فرە رەهەند واژوو بکەن، هەروەها بڕیاریشدرا دیدارى هاوبەشى نێوان خوێندنى باڵاى کوردستان و وڵاتی تورکیا ئەنجامبدرێت و تێگەیشتنى زیاتر لە نێوان هەردوو سیستەمى خوێندن و ئاستى پەیوەندییەکان بڕیارى زیاتر و لێک نزیکبونەوەی باشتری لەبارەوە بدرێت.