قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ: پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە کێشەی کەمئاوی بۆ 50 ساڵی داهاتوو چارە دەکات

رەمەك ڕەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەمال
رەمەك ڕەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەمال

چەندین ساڵە دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكان گرفتی سەرەكیان كەم ئاوی و خراپی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، پرۆژەی ئاوی گۆبپەتە كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیجیەكانی حكوومەتی هەرێم و ئەم ساڵ چۆتە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردن لە توانایدایە بۆ ماوەی زیاتر لە 50 ساڵ كێشەكانی ئاو بۆ چەمچەماڵ و ناحیەو گوندەكانی چارەسەر بكات .

كاتێك لە بەرزایەوە سەیری شارۆچكەی چەمچەماڵ دەكەین زۆربەی سەربانی ماڵەكانیان ,دوو تەنكی بۆ سێ‌ تەنكی ئاویان لەسەر دانەوە ,ئەمەش دەرخەری ئەو كێشە گەورەیەیە كە چەندین ساڵە دانیشتوانی چەمچەماڵ بەدەستیەوە گیرۆدەن، بۆ گوێگرتن و گەیاندن پەیامی هاووڵاتیان و دەرخستنی كێشەی كەم ئاوی لە سنوورەكەدا سەردانی ناو بازاڕو چەند شوێنێكی جیاوازی شارەکەمان كرد، مام كەریم یەكێكە لە كۆنترین وەستاكانی چاكردنەوەی کاتژمێر لە بازاڕەكەدا بەدەم چاكردنەوەی کاتژمێرەکانی بەردەستی كێشەكانی كەم ئاویمان بۆ باسدەكات.

رەمەك ڕەمەزان، قائیمقامی قەزای چەمچەمال ڕایگەیاند، "ئاستی بەرهەمهێنانی ئاو لە پرۆژەکەی ئاوی گۆپتەپە، لە کاتژمێرێکدا 3400 مەتر سێجایە، دەتوانم بڵێم بۆ 50 ساڵی داهاتوو گرفتی کەم ئاوی لە چەمچەماڵ چارەسەر دەکات، هەروەها پرۆژەکە پێکهاتووە لە حەوزی وەرگرتن، بەشی پاڵاوتن و پەمپی لەگەڵە بۆ پاڵنانی ئاوەکە بۆ سەر چیاکەی تەکیە و لەوێشەوە بۆ بانی مەقام".

كەریم محەممەد، هاووڵاتیەکی شارەکەیە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئێستا نۆ تا 10 ڕۆژ جارێک ئاومان دێت، ئەگەر ببێتە سێ چوار ڕۆژ جارێک باشە".

هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی محەممەد عەبدوڵڵا، گوتی: 10 ڕۆژ ئاو لە تەنکیەکەدا بێت، دواتر ڕەنگە لەو ماوەیە تەنیا "جەلیکانێک" ئاوی تێدا بمێنێتەوە، ئایا لەبەر پیسی ئەو ئاوە دەخورێتەوە؟.

قەزای چەمچەماڵ لە شەش ناحیەو 440 گوند و 57 فەرمانگە پێك هاتوووە، دانیشتووانی ناحیەی ئاغجەلەر و گەرمە سێر و تەكیەو شۆرش و بەشێكی زۆری گوندەكانی ساڵانێكە بەدەست كەم ئاویەوە گیرۆدەن، سێ‌ پرۆژەی ئاو بۆ چەمچەماڵ دابینكراوە لەوانە پرۆژەی بانی مەقام و كانی شەیتان و پرۆژەی هێڵی دووی دوكان تاسڵوجە چەمچەماڵ ئەم سێ‌ پرۆژەیە لە توانیدا هەیە لە ماوەی شەو و ڕۆێكدا 30 بۆ 35 هەزار مەتر سێ‌ جا ئاو بۆ قەزای چەمچەماڵ دابین بكات، ‌لەكاتێكدا قەزاكە لە ماوەی 24 كاتژمێردا پێویستی بە 60 هەزار مەتر سێ‌ جایە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئاو لە چەمچەماڵ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپەیە، لە مانگی شەشی ئەم ساڵەوە پڕۆژەكە چۆتە بواری جێ‌ بەجێکردن و بڕیارە لە ماوەی كەمتر لە دووساڵدا  تەواو بێت .

Fly Erbil Advertisment