لێبوردنە گشتییەکەی هەسەدە بۆ ئەندامانی داعش، سوپای عێراقی خستە ئامادە باشی
ئیدارەی خۆسەر لێبوردنێکی گشتی بۆ ئازادکردنی ئەندامانی ڕێکخراوی داعش لە زیندانەکانیان لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکرد و حکوومەتی عێراق لە ترسی دووبارە بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوە پاسەوانی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا تۆکمەتر دەکات.
کەمتر لە هەفتەیەک تێپەڕبوون بەسەر دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی گشتیی بۆ زیندانیان گرتووخانەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریا دیموکرات کە بە هەسەدە ناسراوە کاروانێکی هەزار و 500 زیندان لە گرتووخانەکانی ئازادکرد کە گومان دەکرێت چەکدار و ئەندامانی داعش بن.
لەوانەی ئازادکراون بەشێکیان سزای 10 ساڵ زیندانیان بووە، بەڵام تەنیا دوو ساڵیان بەڕێکردووە و بەشێکیشیان چوار ساڵ سزادراون کەچی یەک ساڵیان لە زیندان بەڕێکردووە و ئازادکراون.
موجیب حەمید دایکی یەکێک لە داعشە ئازادکراوەکانە و دەڵێ "کوڕەکەم بە 10 ساڵ زیندانی سزا درابوو، بەڵام دوای دوو ساڵ زیندانی بوون ئێستا ئازاد کراوە، بۆ هەوڵەکانی ئازادکردنیشی سوپاسی سەرۆک هۆزەکان دەکەم ڕۆڵی باشیان هەبووە".
ئازادکردنی زیندانیان و ئەندامەکانی داعش بە نێوەندگیری ڕیش سپی و سەرۆک هۆز و عەشیرەتەکان بووە، گوایە داوایان کردووە ئەو داعشانەی دەستیان بە خوێنی کەس سوور نەبووە ئازاد بکرێن و بگەڕینەوە نێو خێزانەکانیان و ببنە بەشێک لە ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگە.
لەمبارەوە حەسەن تائی کەسایەتیی و گەورە هۆزی تەی لە سووریا دەڵێت " ئێمە پشتگیری ئەو زیندانیانە دەکەین و داواشیان لێدەکەین بەشداری پڕۆژەکانی ئیدارەخۆسەر بکەن، هیوادارین ئەو کەسانەی ئازادکراون لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا بن"
نزیکەی 10 هەزار چەکدار و ئەندامی ڕێکخراوی داعش لە گرتووەخانەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان هەن، لە نێویاندا نزیکەی دوو هەزاریان خەڵکی بیانین .
سەبارەت بە چارەنووسی داعشە گیراوەکان و ئازادکردنیان، مەزڵووم عەبدی فەرماندی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێ" پلانمانوایە هەموو گیراوەکان ئازاد بکەین، تەنیا ئەوانە نەبێت کە دەستیان بە خوێن بووە، لەگەڵ ئەو چەکدارە بیانیانەی لە ڕیزەکانی ڕێکخراوی داعش شەڕیان کردووە".
مەزڵووم عەبدی دەشڵێت " لە هەنگاوی یەکەمدا نزیکەی هەزار و 500 زیندانیمان ئازاد کردووە کە دەستیان لە کوشتنی کەسدا نەبووە، ئەمەش لەسەر داواکاریی و نێوەندگیری کەسایەتیی و سەرۆک هۆزەکانەوە بووە، هەروەها لە کەمپی هۆل دەستمان کردووە بە گەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعش بۆ زێد و ناوچەکانی خۆیان کە هەندێکیان خەڵکی دێرەزوورن و هەندێکی دیکەش دەچنەوە ناوچەکانی خۆیان، دواجار ئەوانەی لە کەمپ و زیندانەکانی ئێمەدا دەمێننەوە ئەوانە کە خەڵکی بیانین لەگەڵ ئەوانەی دەستیان لە تاوان و ڕشتنی خوێندا هەبووە".
لە 17ی تەممووزی 2024، ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لێبوردنێکی گشتیی دەرکرد و بڕیاریدا هەموو ئەو سووریانەی ئازاد بکەن کە تاوەکوو پێش دەرچوونی بڕیارەکە لێبوردنی گشتیی لە گرتووخانەکان زیندانی کراون.
وەک هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش بە گوێرەی زانیارییەکان زیاتر لە هەزارو 500 کەسیان ئازادکردووە کە زۆرینەیان ئەندامانی ڕێکخراوی داعشن.
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات بووەتە جێگەی نیگەرانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و ترسی هەیە لەوەی ئەندامە ئازادکراوەکانی داعش لە سووریا بۆ ئەوەی دووبارە دەستگیر نەکرێنەوە، بپەڕنەوە سنووری عێراق و ئەمەش هەنگاوێک بێت بۆ دووبارە خۆ ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوی داعش لە عێراق و بەهێزبوونەوەی.
هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی ئیدارەی خۆسەر، سوپای عێراق هێزێکی زیاتر ڕەوانەی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا کردووە بۆ ڕێگری لە دزەکردنی چەکدارانی داعش.
گرتووخانەی گوێران لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان گەورەترین گرتووخانەی سنووری ئیدارەی خۆسەرە کە چەکداران و ئەندامانی ڕێکخراوی داعشی تێدا زیندانی کراوە، شەوی 20ی کانوونی دووەمی 2022، بەشێک لە داعشە زیندانییەکانی گرتووخانەکە و شانە نووستووەکانی داعش لە دەرەوەی گرتووخانە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئەرکی پاسەوانی و پاراستنی گرتووخانەکەیان لە ئەستۆیە بووە شەڕیان و ئاڵۆزییەکان چەند ڕۆژێکی خایاند و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە چەکدارە زیندانییەکان توانیان ڕابکەن.