ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار یارییەكی كۆتایی بە شێوازێكی جیاواز بەڕێوە دەچێت

یاریزانانی هەڵبژاردەی هەولێر و هەڵەبجە لە پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی شارەكانی كوردستان
یاریزانانی هەڵبژاردەی هەولێر و هەڵەبجە لە پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی شارەكانی كوردستان

ئەمڕۆ یاریی كۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی شارەكانی كوردستان لە یاریگەی سۆران بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان24 لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی هەڵەبجەی شەهید و هەولێر بەڕێوە دەچێت.
بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان، پاڵەوانێتییەك لەسەر ئاستی شار و شارۆچكەكانی سەرجەم پارێزگایەكانی كوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوە دەچێت، بۆ یەكەمجاریش بوو لەو پاڵەوانێتییە سیستەمی ڤار بەكاربێت لە دوای هەر یارییەكیش كۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ هەردوو تیپ دەكرا و خەڵاتیش بەسەر باشترین یاریزانان و بەڕەوشترین یاریزان دەبەخشران.
كوردستان24 لە رۆژی یەكەمەوە رووماڵی سەرجەم یارییەكانی ئەو پاڵەوانێتییەی كرد و رۆژانە بە زمانی شیرینی كوردی بە دەنگی كۆمێنتارە تایبەتەكانی یارییەكانی دەگوازێتەوە.
لە پاڵەوانێتی هەڵبژاردەی شارەكانی كوردستان 51 هەڵبژاردە لە سەرجەم پارێزگایەكانی كوردستان بەشدارییان كرد، لەو پاڵەوانێتییە لە كۆی 39 یاری 151 گۆڵ تۆمار كران، 235 كارتی زەرد و 16 كارتی سوور بەڕووی یاریزانان بەرز كراوەتەوە.
هەڵبژاردەكانی هەڵەبجە و هەولێر دوای ئەوەی لە قۆناغی پێشكۆتایی توانیان بەربەستی هەڵبژاردەكانی رزگاری و رانیە تێپەڕ بكەن و خۆیان گەیاندە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتی هەڵبژاردە بەهێزەكانی كوردستان.
هەڵبژاردەكانی هەڵەبجە و هەولێر لە دوێنێوە گەشتی سۆرانیان كردووە و بە ئامادەبوونی بەشێك زۆر لە ئەستێرەكانی خولی نایاب و عێراق لە یاریگەی سۆران لە كاتژمێر 05:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ بە كاتی هەولێر رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ئەم یارییە ئامادەكارییەكی تەواوی كردووە و دەیەوێت لە رێگەی ئەم یارییە هەستی نیشتیمانپەروەری و پەیوەندی نێوان سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەهێزتر بكات، یارییەكەش لە لایەن دەزگای میدیایی كوردستان24 لە ئاسمان و زەوی رووماڵ دەكرێت.

.
.
.
.