پۆلیسی هەولێر: لە هەر حاڵەتێکی هەڕەشەکردن دەتوانن پەیوەندی بەهێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان بکەن

پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لە كاتی ڕووبەڕو بوونەوەی هەر هەڕەشەیەك بە زووترین كات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیەكەمانەوە بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بەیەننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئافرەتێک پەیوەندی بەهێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان کرد، کە کەسێک بەناوی "لوقمان مەولان ئیسماعیل" هەڕەشەی لێكردووە، پاش ئاگادارکردنەوەی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، لەگەڵ ڕەوانەکردنی بەڵگەکان، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دا بە دەستگیرکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، دواترئش تیمەکانی پۆلیس لە 14-1-2024 تۆمەتباری ناوبراو دەستگیر کرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی مۆبایلەکەی، بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبار "لوقمان" هەڕەشەی لە دادخواز و ئامۆزایەکی دادخواز بە ناوی ( ھ. ف س)، (د. گ .س) کردووە، بە هۆی ئەوەی کە ڤیدیۆی نەشیاوی ڕووتی هەردووكیانی لایە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوی دەكاتەوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، پاش لێكۆڵینەوەی چڕ لەم بابەتە، بۆمان دەرکەوت لە ناو مۆبایلەکەی چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆیی نەشیاوی وەك "سیحر و جادوو و وێنەی ماددەی هۆشبەر و تۆماری دەنگی و هەڕەشەکردن دژی ئافرەتان"ـی تێدایە، هەروەها تۆمەتبار چەندین پەیجی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دروست کردووە بە ناوی گروپی گۆڤەند (CTS) بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی وێنەی بەدڕەوشتی و بەکارهێنانی ناوی ئەم گروپە وەك هەڕەشەكردنێك بووە لەسەر ئافرەتان و بە تایبەتی كچان، بۆ وەرگرتنی بڕە پارەیەكی زۆر بەرامبەر بەوەی كە وێنە و ڤیدیۆكانیان بڵاو نەكرێتەوە .

لێرەوە داوا لە هاووڵاتیان دەكەین لە كاتی ڕووبەڕو بوونەوەی هەر هەڕەشەیەك لەگەڵ  كەسانی هاوشێوە،  تكایە بە زووترین كات پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتیەكەمانەوە بكەن بۆ ئەوەی تیمەكانمان رێکاری یاسایی بگرنە بەر.

Fly Erbil Advertisment