ئەمەریکا ئۆنروا بە تیرۆرست نازانێت و پشتگیریی دەکات  

وێنەی کۆشکی سپی لە ئەمەریکا
وێنەی کۆشکی سپی لە ئەمەریکا

ئەمەریکا بەرگریی لە دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) کرد و بە توندی ڕەخنەی لە ڕەشنووسی یاسای ئیسرائیل گرت کە بە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" وەسفی دەکات.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، UNRWA  ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و داوا لە حکوومەتی ئیسرائیل و کنێست دەکەین پەسەندکردنی ئەم یاسایە ڕابگرن.

ناوبراو هێرشەکانی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ سەر UNRWA بە تەواوی بە ناپێویست زانی، چونکە ئەوان هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەگەیەنن. جەختی لەوەش کردەوە کە "واشنتۆن بەردەوامە لە پشتیوانیی کارەکانی ئاژانسەکە".

ڕۆژی دووشەممە، پەرلەمانی ئیسرائیل لە خوێندنەوەی یەکەمدا ڕەشنووسی یاسایەکی پەسەند کرد، کە دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێن کرد و پێشنیاری پچڕاندنی هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵیدا دەکات، بەڵام دەقەکە خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوەی زیاترەوە.

UNRWA زیاتر لە 30 هەزار کارمەندی هەیە، کە خزمەت بە 5.9 ملیۆن فەڵەستینی دەکەن لە ناوچەکەدا و ئیسرائیل تۆمەتباری دەکات بە دامەزراندنی "زیاتر لە 400 تیرۆریست" لە کەرتی غەززە.

ئەمەریکا دوای ئەوەی تۆمەتەکانی ئۆنروای لەلایەن ئیسرائیلەوە پێ گەیشت، بەشدارییە داراییەکانی بۆ دەزگاکە ڕاگرت. هەرچەندە تێوەگلانی بەشێک لە کارمەندانی UNRWA لە هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەردا تاکو ئێستە نەسەلمێندراوە.

لەو کاتەوە، یاسای ئەمەریکا واشنتۆنی قەدەغە کردووە کە پارە بۆ ئاژانسەکە دابین بکات. بەڵام لەبەرامبەردا چەند وڵاتێک دەستیان کردووە بە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو دەزگایە، لەوانە شانشینی یەکگرتوو، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا، سوید، ژاپۆن و فەرەنسا