پێرێز هۆكاری كشانه‌وه‌یان له گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ئاشكرا ده‌كات

میدیاكانی ئیسپانیا پێیانوایه یانه‌ی ریال مه‌درید له مێركاتۆی هاوینه‌ی ئه‌مساڵ به لاوازی ده‌ركه‌وت، سه‌رۆكی یانه‌ی شایانه‌ش هۆكاری بێده‌نگبوونیان له دواساته‌كانی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ئاشكرا ده‌كات.
فلۆرێنتینیۆ پێرێز، سه‌رۆكه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید له لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئیسپانیا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه له‌سه‌ر داوای زینه‌دین زێدانی راهێنه‌ر، بێده‌نگیان له دواساته‌كانی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان هه‌ڵبژاردووه، ده‌شڵێت: زێدان ده‌یه‌وێت به‌م یاریزانانه‌ی ئێستا ئه‌م وه‌رزه تێپه‌ڕ بكات.
پێرێز گوتیشی: ئێمه دوو یاریی ده‌ستپێكی لالیگامان بردۆته‌وه، نازناوی جامی سووپه‌ری ئه‌ورووپاشمان به‌م یاریزانانه‌ی ئێستا به‌ده‌ستهێناوه، پێموایه زێدان بڕیارێكی دروستی داوه كه ده‌یه‌وێت به‌م پێكهاته‌ی ئێستا ململانێی نازناوه‌كانی ئه‌م وه‌رزه بكات.
یانه‌ی ریال مه‌درید له گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی ئه‌م وه‌رزه، ئه‌لڤارۆ مۆراتای له یانه‌ی یوڤێتۆس گه‌ڕانده‌وه و گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئاسینسیۆ واژۆ كردووه، هاوكات چه‌ند یاریزانێكیشی هاوشێوه‌ی ماریانۆ دیاز له تیپی دووه‌می یانه‌كه‌ی سه‌رخستووه.