پرۆژەی تاکسیمێتەر لە هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت
بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەولێر ڕایگەیاند، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، خەریکە لەگەڵ دوو کۆمپانیا لەسەر هەموو ئەو بنەمایانە ڕێک دەکەون بۆ هێنانی تاکسیمێتەر کەکاری پێوانەکردنی مەترە لەناو تاکسییەکاندا.
ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی هەولێر، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، ساڵی پار کاتێک سەرۆکی حکوومەت سەردانی وەزارەتەکەی ئێمەی کرد، یەکێک لەوکارانەی ئەوەبوو ئێمەی ڕاسپارد بەدانانی تەکسیمێتەر لەسەر تاکسییەکانی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: ئیمە لە ماوەی رابردوو خەریکی ئەوەبووین ڕێنماییەکی پێویست لەوبارەوە دەربکەین، بۆ ئەوەش لیژنەیەکی باڵا پێکهاتووە و ڕێنماییەکەش لە 10-7-2024 دانرا، کە ڕێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2024ـی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەرچوو کە تایبەتە بە دانانی تاکسی میتەر لەسەر تاکسییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی هەولێر ڕاشیگەیاند، پاش ئەوەی ڕێنماییەکە دەرچوو، ئێستا وەزارەت خەریکە لەگەڵ دوو کۆمپانیا لەسەر هەموو ئەو بنەمایانە ڕێککدەکەون و کە بەپێی پێوەر و ستانداردی جیهانی بێت. "تاکسیمێتەر ئامێری پێوانەکردنی مەترە لەناو تاکسییەکانی هەرێمی کوردستان."
عەبدولخالق عەلی، جەختیشی کردەوە، ئەو تاکسیمێتەرە کە دادەنرێت دەبێت بەپێی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بێت، ئینجا ئێمە ڕەزامەندی لەسەر هێنانی ئەو جۆر و مواسەفاتەی لە تاکسیمێتەرەکە دا هەیە دەدەین، دەشڵێ: نزیکەی 75 هەزار تاکسی لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان کار دەکەن.