گوتەبێژەکانی وەزارەتەکانی حکوومەت دەچنە ئەمەریکا

گوتەبێژەکانی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشنابوون بە چۆنیەتی پەیوەندییەکانی حکوومەت لەگەڵ ڕاگەیاندنکاران، دەچنە ئەمەریکا، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکاش دەڵێت: ئەم پڕۆگرامە بەشێکی بنەڕەتیی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ باشترکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا.
پێنجشەممە 25ـی تەممووزی 2024، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاوی کردەوە، خۆشحاڵن ئەم هەفتەیە 11 گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ بەشداریکردن لە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕیی ئەمریکیی سەرکردەی سەردانکەرانی نێودەوڵەتی کە بە ئای ڤی ئێڵ پی (IVLP) ناسراوە.
کونسوڵخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گوتەبێژەکانی وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی پڕۆگرامەکەوە ئاشنا دەبن بەوەی حکوومەتی ئەمەریکا چۆن پەیوەندیەکانی لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا بەڕێوەدەبات، هەروەها زانیاری لەسەر ئەوە وەردەگرن کە چۆن حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەت لەسەر ئاستی ویلایەتەکان و حکوومەتە خۆجێییەکان زانیاریەکانیان دەدەنە ڕاگەیاندنەکان و هاووڵاتیان بە گشتی.
دەشڵێت: ئەم پڕۆگرامە ئاڵوگۆڕە بەشێکی بنەڕەتیی هەوڵە بەردەوامەکانمانە بۆ باشترکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنەکاندا.