عێراق بەهۆی بڕینەوەی درەختی دارستانەکان بۆ کێڵگە نەوتییەکان کەشوهەواکەی پیس بووە

لەکاتێکدا بەشی هەرە زۆری کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کەوتوونەتە پارێزگای بەسرە و ئەو کێڵگانە سەرچاوەی زۆرێک لەو گازە ژەهراوییانەن کە ساڵانە بەهۆیەوە ئامارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەڵکشاندان هاوکات وەزارەتی نەوتی عێراق 400 بۆ 500 باخ و کێڵگەو وەزارەتی کارەبا 100 بۆ 150 باخ و کێڵگەی لەسنووری ئەو پارێزگایە تێکداوە و، ئەم هەوڵانەش بە تێکدانی ژینگەی کشتوکاڵی و بەهۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە پارێزگاکە لێکدەدرێنەوە.
ژمارەیەکی زۆر لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کەوتوونەتە پارێزگای بەسرە و ساڵانەش ئاماری جیاواز لەسەر دەردانی گازە ژەهراوییەکان لەو کێڵگانە بڵاودەکرێنەوە، بەم دواییانەش وەزارەتی نەوتی عێراق 400 بۆ 500 باخی لەبەرژەوەندی کارکردنی کێڵگە و ڕاکێشانی بۆڕییە نەوتییەکان بڕیوەتەوە و زیانی ژینگەیی گەورەی بەدوای خۆیدا دروستکردووە.
ڕیاز شەداد، سەرۆکی یەکێتی کۆمەڵە کشتوکاڵییەکان لە بەسرە ڕایدەگەیەنێت 400 بۆ 500 باخ لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە لە سنووری پارێزگاکە بڕاونەتەوە، کە ڕووبەری ئەم کێڵگانە نزیکەی 80 هەزار دۆنمە و کەوتوونەتە سنووری کۆمەڵەی کشتوکاڵی زوبەیرە.
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات 100 بۆ 150 کێڵگەی دیکە لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی کارەباوە تێکدراون کە بەکۆی گشتی کاریگەری خراپی لەسەر ئاو و هەوای پارێزگاکە دروستکردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خراپبوونی ژینگەی کشتوکاڵی.
داواش دەکات یاسای پاراستنی ژینگەی کشتوکاڵی کە بەهاوکاری لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2018ەوە داڕێژراوە چالاک بکرێت.
بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە جووتیاران دەگەڕێنەوە سەر زەوییەکانیان و یاخود قەرەبوو دەکرێنەوە هەروەها مەودایەکیش بۆ پاراستنی بۆڕییەکانی نەوت دیاری دەکرێت.
بڕینی درەختی باخەکان و تێکدانی ژینگەی کشتوکاڵی لەکاتێکدایە بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەهۆی کاریگەرییەکانی وشکە ساڵی ساڵانە 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبێتە زەوی وشکبوو.
بەگوێرەی ئامارەکان 73 کێڵگەی نەوت و غاز لە عێراق هەن کە ساڵانە زیاتر لە 10 تۆن گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن، یەکێک لە کێڵگەکان کێڵگەی رومێلەیە کە توانای بڵاوبوونەوەی گازە ژەهراوییەکان لێیەوە 1600 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و یەکسانە بە سێ ئەوەندەی دەردانی گازی ژەهراوی لە هەر کێڵگەیەکی دیکەی ئاسایی لە جیهان.
لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی دەردانی گازە ژەهراوییەکان لەسنووری پارێزگای بەسرە هۆشداری ئەوە درابوو کە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان بە شێوازی زگماگیەوە لە دایک دەبن.