ترەمپ: لەبارەی جەنگی ڕووسیا زێلێنسکی پەیوەندییەکی تەلەفونی پێوە کردم
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ڤلادیمێر زێلنسکی پەیوەندییەکی تەلەفوونی پێوە کردووە و منیش پێم ڕاگەیاندووە، ناتوانیت شکت بە ڕووسیا بهێنیت کە شکستی بە ناپلیۆن و هیتلەر هێناوە.
ترامپ لە کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی ڕایگەیاند، زیلێنسکی پەیوەندی پێوەکردم و گفتوگۆیەکی باشمان کرد گوتم، دەبێت کۆتایی بەم شەڕە بهێنن ئێوە ڕووبەڕووی هێزێکی گەورەی سەربازی ڕووسیا دەبنەوە، ئەوان شەڕ دەکەن تا کۆتایی، ئەمە ئەوەیە کە ئەوان دەیکەن.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، "لە پەیوەندییەکەدا بە زێلێنسکیم ڕاگەیاندووە، ڕووسیا ملیۆنان مین و هەزاران تانکی سەربازییان هەیە، دەبێت کۆتایی بە شەڕە بهێنێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ڕووسەکان دەکوژرێن و زۆرێکیش لە ئۆکرانیاییەکان دەکوژرێن، ئەو بابەتە پشێوییە و نەدەبوو ڕووبدات".
باسی لەوەشکرد، نەدەبوو بایدن هەرگیز ڕێگە بدات ئەمە ڕووبدات، دەبوو بیوەستێنێت، ڤلادیمێر پوتین شەڕی نەدەکرد لەسەردەمی مندا لەبەر دوو هۆ، یەکەمیان نرخی نەوت نزم بوو، دووەمیش منیش بە نزمیی هێشتمەوە، وە کاتێک بایدن "ئیدارەی نوێی ئەمەریکا" گرتە دەست، نرخی نەوت بازێکی دا بۆ نزیکەی 100 دۆلار، کە دوو هێندە زیاترە لەوەی کە دەبێ ببێت و لەناکاو پوتین بوو بە خاوەنی پارەیەکی زۆر.
چالاکوانان ڤیدیۆ کلیپی بەرنامە تەلەفزیۆنەکەیان لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوەتەوە و ئاماژەیان بەوە دەکەن کە ترەمپ لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا، هەوڵ دەدات بۆ چارەکردنی قەیران و کێشە جیهانییەکان.
هەروەها شرۆڤەکاران و سیاسەتتوانان سەرنجیان لەسەر ئەو خاڵە بوو کە ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفوونیەکەدا، بەبیری زێلێنسکی هێناوەتەوە "ڕووسیا ناپلیۆن و هیتلەری بەزاند، تۆ دەتەوێ چی بکەیت و بگەی بەکوێ لەگەڵ ئەو وڵاتە؟".