محەممەد کەمال: پەلاماردانی بارەگای لقی سێی کەرکووک کردەیەکی تیرۆریستییە
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی کەرکووک پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، هێرشە چەکدارییەکەی سەر بارەگای لق کردەیەکی تیرۆریستییە و پارتیش بەهۆی پەیامە کوردایەتییەکەیی و داکۆکیی لە کوردستانی بوونی کەرکووک وەک هەمیشە پەلامار دەدرێت.
لێکۆڵینەوە لە هێرشە چەکدارییەکەی سەر لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بەردەوامە و هێشتا ناسنامەی هێرشکەرەکان ئاشکرا نەبووە. بەڵام بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەڵێ: زانیاریی پێشوەختەمان هەبووە لەسەر ئەوەی نیازێک هەیە هێرشی چەکداری بکرێتە سەر بارەگای لقی کەرکووکی پارتی، هەربۆیە پاسەوانانی لق لە ئامادەباشیدا بوون و لە تەقەکەرەکان هاتوونەتە دەست بەرپەرچیان داوەتەوە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی کەرکووک پارتی بۆ کوردستان24 گوتی: کاتژمێر دووی بەرەبەیانی لە دیوی پشتەوەی بارەگای لق لە نێو گۆڕستان و ئەو باڵەخانەیەی هێشتا تەواو نەکراوە پەلاماری خاڵیکی پاسەوانی بارەگای لقیان داوە، بەڵام بەهۆی ئامادە باشی پاسەوانەکانەوە توانراوە بەرپەرچی توندی تەقە کەرەکان بدرێتەوە و شکست بە هێرش و پەلاماردانی بارەگای لق بهێنرێت.
گوتیشی: کردەوەکە بە کارێکی تیرۆریستی دەزانین، هەرچەندە سێ ڕۆژ لەمەوبەر بەڕێوەبەری بە وەکالەتی پۆلیسی کەرکووکم لە مەترسی و ئەگەری هێرشکردنە سەر بارەگای لقی سێ ئاگەدار کردبووەوە و ئەوانیش هێزێکی تەکتیکیان ناردبووە دەروبەری لق، بەڵام داوام کردووە تۆماری کامێرا چاودێرییەکانی ناوچەکە کۆ بکرێنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو چەکدارانە لە کوێوە هاتووەن و سەر بە چ لایەنێكن.
بەرپرسی لقی سێی پارتی ڕایگەیاند، پارتی لەبەر ئەوەی هەڵگری پەیامی کوردایەتییە و داکۆکیکارە لە پیرۆزیی و کوردستانی بوونی کەرکووک، هەربۆیە بەردەوام پەلامار دەدرێت؛ جگە لەمەش، ئێستاش گفتوگۆکان لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی پارێزگار گەرمە بۆیە هەوڵیان داوە پەلاماری پارتی بدەن، تاوەکوو ئاژاوە دروست بێت.
لەم مانگەدا دووەمجارە پەلاماری پارتی دیموکراتی کوردستان دەدرێت، یەکەمیان بەرەبەیانی دووشەممە 15ی تەممووزی 2024 بوو، چەکدارانی پەکەکە لە گەرمیان لە ڕێگەی بۆمبێکی موگناتیسییەوە ئۆتۆمبیلی ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەردەم ماڵەکەیدا لە شارۆچکەی کەلار تەقاندەوە و بەهۆیەوە تەنیا پاسەوانێکی بە سووکی بریندار بوو.