سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: هەشت پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ڕایگەیاند، "ئێستا لە سنووری ئاکرێ هەشت پڕۆژە بە گوژمەی 10 ملیار و 338 ملیۆن دینار لە جێبەجێکردندان، پێنج لەو پڕۆژانە هی پارێزگای دهۆکە کە گوژمەکەیان هەشت ملیار دینارە، هەروەها سێ پرۆژەش هی وەزارەتی شارەوانییە بە گوژمەی دوو ملیار و 300 ملیۆن دینار".
بڵند ڕەزا، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ڕووبەری شارەوانیی ئاکرێ لەساڵی 2014دا، 55 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو، ئێستا ڕووبەرەکە بەرفراوان بووە و بووەتە 113 کیلۆمەتر چوارگۆشە، هەروەها لە 25 گەڕەکەوە بووەتە 47 گەڕەک".
گوتیشی: ئێستا لە سنووری ئاکرێ هەشت پرۆژە بە گوژمەی 10 ملیار و 338 ملیۆن دینار لە جێبەجێ کردندان، پێنج لەو پرۆژانە هی پارێزگای دهۆکە کە گوژمەکەیان هەشت ملیار دینارە، هەروەها سێ پڕۆژەش هی وەزارەتی شارەوانییە بە گوژمەی دوو ملیار و 300 ملیۆن دینار، کە ئەمەش بەڕێژەیەکی زۆر کێشەی گەڕەکەکان چارە دەکات".
بڵند ڕەزا باسی لەوەش کرد "25 گەڕەکی کۆنمان هەیە، هەروەها 22 گەڕەکیش وەکو گوند کەوتووەتە سنووری شارەوانیی ئاکرێ، دەشڵێ: بەشێوەیەکی گشتی ئێمە لە قۆناغی یەکەم خزمەتگوزاریی سەرەکی بۆ ئەو 25 گەڕەکە دابین دەکەین وەکو "شەقام و قوتابخانە و مزگەوتی ناو گەڕەکەکان، پاشان لە قۆناغی دووەمدا خزمەتگوزارییەکان بۆ لقە لاوەکەییەکانی ناو گەڕەکەکان دابین دەکەین".
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ ڕاشیگەیاند "لەساڵی 2023 ئێمە چوار پرۆژەمان هەبوو کە لەسەر بودجەی تایبەتی پارێزگای دهۆک بوو، گوژمەکەشی دوو ملیار و 132 ملیۆن دینار بوو، کە بەتەواوی پڕۆژەکان جێ بەجێ کراون. ئێستاش شەش پرۆژە لەسەر بودجەی وەزارتی شارەوانی بە گوژمەی دوو ملیار و 800 ملیۆن دینار کە لە پارێزگای دهۆک وردبینیان بۆ دەکرێت و دواتر ڕادەگەیەندرێت".