د. ئالان یاسین: کیسەی نایلۆن مەترسیی بۆ تەندروستی و ژینگە هەیە

پسپۆری چارەسەری خۆراک ڕایگەیاند، کیسەی نایلۆن سیستەمی لەش تێک دەدات و زۆرجاریش دەبێتە هۆی نەزۆکی، ژینگەش پیس دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 27ـی تەمموزی 2024، د. ئالان یاسین، پسپۆڕی چارەسەری خۆراک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بڕیارەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بۆ نانەواخانەکان و سەموونخانەکان دەرچووە، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە. بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن یەکێک لەو پێکهاتانە "بایسفینۆڵ ئەی" پێ دەگوترێ، ئەو پێکهاتەیە لە زۆربەی ماددە پلاستیکییەکاندا هەن.

ئەو دکتۆرە دەڵێت "ڕیژەی ڕێ پێدراو لە جەستەی مرۆڤ O.2 نانۆ گرامە، واتە بۆ هەر کیلۆگرامێک لە کێشی لەش گونجاوە، لەزۆربەی حاڵەتەکان ئەو ڕێژەیە بۆ 2.5 گرام بەرز دەبێتەوە، سیستەمە لە لەشدا تێک دەچێت، ئەو سیستەمە کۆنترۆڵی ڕژێنەکان و ئۆرگانەکان دەکات و زۆر جار دەبێتە هۆی نەزۆکی".

ئالان یاسین ڕاشیگەیاند، "جێگرەوەی ئەو کیسەی نایلۆنە کە ئێستە قەدەغە کراوە، کیسەی کاغەزە کە زۆر باشترە بۆ تەندروستی و بۆ ژینگەش، کیسەی نایلۆن چەندان ساڵی دەوێت تاکو شیی دەبێتەوە، بەڵام کاغەز زۆر بە ئاسانی شیی دەبێتەوە و زیان و مەترسیشی نییە".

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، 24ـی ته‌ممووزی 2024، سه‌ركار سوورچی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، بۆ له‌مه‌ودوا به‌كارهێنانی كیسه‌ی نایلۆن له‌ سه‌مونخانه‌، نانه‌واخانه‌ و چێشتخانه‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ بری كیسه‌ی نایلۆن له‌و شوێنانه‌، كیسه‌ی كاغه‌ز به‌ كار دێت.

سه‌ركار سوورچی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ "کیسەی نایلۆن لە ڕووی زانستییەوە زیانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە".

ناوبراو سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشاوه‌، هه‌ر به‌هۆی كێشه‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، كیسه‌ی كاغه‌ز بووه‌ته‌ جێگره‌وه‌ی كیسه‌ی نایلۆن.