ئیتاڵیا و ئەڵمانیا یەکەم بردنەوەیان لە ئۆڵمپیک بەدەستهێنا
لە یەکەم رۆژی یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024 و لە کێبڕکێیەکانی یاریی باڵە، هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بەرامبەر ژاپۆن و بەڕازیل بردنەوەیان بەدەستهێنا.
لە یەکەم یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی یارییەکانی باڵە لە ئۆڵمپیکی 2024، هەردوو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و ژاپۆن لە کۆمەڵەی سێیەم رووبەڕووی یەکتری بونەوە. سەرەتا ژاپۆنیەکان زۆر بە باشی دەستیان پێکرد و سێتی یەکەمیان بە ئەنجامی 25-17 لە رکابەرەکەیان بردەوە، بەڵام دواتر ئەڵمانیەکان دوو سێتی لەسەریەکیان بە ئەنجامەکانی 25 - 23 و 25 - 20 بردەوە و پێش رکابەرەکەیان کەوتن.
یارییەکە بەردەوام بوو و ژاپۆنیەکان جارێکی دیکە جلەوی یارییەکەیان گرتەوە دەست و سێتی چوارەمیشیان بە ئەنجامی 30-28 بردەوە و ئەنجامی یارییەکەیان یەکسانکردەوە. کۆتا سێت و سێتی یەکلاکەرەوە باڵا بەرزەکانی ئەڵمانیا بوون توانیان ئەو سێتەش بە ئەنجامی 15-12 ببەنەوە و یارییەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی کردەوە.
لە یارییەکی دیکە و لە کۆمەڵەی دووەم هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و بەڕازیل رووبەڕووی یەکتری بونەوە و ئیتاڵیەکان توانیان ئەو یارییە بە ئەنجامی سێ سێت بەرامبەر سێتێک، لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
لەو یارییە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دوو سێتیان لەسەر یەک، بە ئەنجامەکانی 25-23 و 27-25 لە رکابەرەکەیان بردەوە، بەڵام سێتی سێیەم بەڕازیلیەکان بوون توانیان ئەم سێتە بە ئەنجامی 25-18 لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە سێتی سێیەم و کۆتایی و لە پێناو یەکلایی کردنەوەی ئەنجامی یارییەکە، باشتر دەرکەوتن و لە کۆتاییدا ئەو سێتەشیان بە ئەنجامی 25-21 لە رکابەرەکەیان بردەوە و لە کۆتاییدا یارییەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی کردەوە.