هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق بەرامبەر ئارجێنتینا دۆڕا

دیمەنێک لە یاریی نێوان ئارجێنتینا و عێراق
دیمەنێک لە یاریی نێوان ئارجێنتینا و عێراق

هەردوو هەڵبژاردەی ئۆڵمپی تۆپی پێ عێراق و ئارجێنتینا، لە دووەم یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی ئۆڵمپیکی پاریس رووبەڕووی یەکتری بونەوە، لە کۆتاییدا لاوەکانی تانگۆ بوون توانیان بە ئەنجامی 3-1 لاوەکانی شێرەکانی رافیدەین تێک بشکێنن.

تەنها 14 خولەک بەسەر یارییەکە تێپەڕی کرد بوو، تیاگۆ ئالمادا بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و یانەی ئاتلانتا یونایتدی ئەمریکا، گۆڵی یەکەمی لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەکەی کرد. لە کۆتا خولەکەکانی نیوەی یەکەم ئەیمەن حوسێن ئەنجامەکەی بۆ عێراق یەکسانکردەوە.

نیوەی دووەم یاریزانانی ئارجێنتینا باشتر بوون و لەو نیوەیەش توانیان دووجاری دیکە، تۆڕی گۆڵی هەڵبژاردەی ئۆڵمپیکی عێراق بهەژێنن، گۆڵەکانیش لە خولەکەکانی 55 و 70 لە رێگەی ئالێخاندرۆ رۆدریگێز و هەروەها میگێل گوتیرێز تۆمار کرن.

بەم شێوەیە هەڵبژاردەی ئارجێتینا دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر مەغریب، لە یەکەم یاریی ئۆڵمپیکی پاریس ئەمجارەیان توانیان بە بردنەوە لە عێراقیەکان یەکەم بردنەوە بەدەست بهێنن، عێراقیش دوای بردنەوەکەی بەرامبەر ئۆکرانیا تووشی یەکەم دۆڕان بوو.

هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە کۆتا یاریی قۆناغى کۆمەڵەکانی ئۆڵمپیکی پاریس 2024 رۆژی سێ شەممە داهاتوو کاتژمێر 18:00 بە کاتی هەولێر، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئۆکرانیا دەبێتەوە، لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئۆڵمپیکی عێراق ئەو هەڵبژاردەیەش لە هەمان رۆژ رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەغریب دەبێتەوە.