جۆکۆڤیچ و ئالکاراز بە بردنەوە دەستیان بە ئۆڵمپیک کرد

نۆڤاک جۆکۆڤیچ تێنسزانی سڕبی و پۆڵینی یەکەمی بەدەستهێنانی مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیکی 2024، هەروەها کارلۆس ئالکاراز تێنسزانی لاوی ئیسپانی و پۆڵینی دووەمی ئۆڵمپیک، بە بردنەوە دەستیان بە رکابەرییەکانی ئۆڵمپیک کرد.
جۆکۆڤیچ پۆڵینی یەکەم لە قۆناغی یەکەم رووبەڕووی ماتیۆ ئێبدین تێنسزانی ئوستوراڵی بووە و بێ ئەوەی هیچ زەحمەتیەک ببینێت، تێنسزانە سڕبیەکە و خاوەنی زۆرترین ناسناوی گراند سلام، یارییەکە بە ئەنجامی دوو سێتی بێ وەڵام لە ماوەی 53 خولەک بردەوە، ئەنجامی سێتەکانیش 6-0 و 6-1 بوون.
بەم بردنەوەیە نۆڤاک جۆکۆڤیچ گەیشتە قۆناغی دووەمی ئۆڵمپیکی پاریس و لەم قۆناغەش رووبەڕووی براوەی نێوان رافایل نادال و هەروەها مارتۆنی هەنگاری دەبێتەوە.
لە یارییەکی دیکەی قۆناغی یەکەمی تێنسی ئۆڵمپیکی پاریس، کارلۆس ئالکاراز تێنسزانی ئیسپانی و پۆڵینی دووەم رووبەڕووی هادی حەبیب تێنسزانی لوبنانی بووەوە و یارییەکەشی بە ئاسانی بردەوە.
سێتی یەکەم ئالکاراز توانی ئەو سێتە بە ئەنجامی 6-3 لە رکابەرە لوبنانیەکە بباتەوە، سێتی دووەم تێنسزانە لوبنانیەکە هەر زوو خۆی بەدەستەوەدا و ئەم سێتەشی بە ئەنجامی 1-6 دۆڕاند و ماڵئاوایی کرد، ئالکارازیش گەیشتە قۆناغی دووەم.