جوڵانەوەی نەتەوەیی دیالە: نرخی پۆستی پارێزگاری دیالە گەیشتووەتە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار

K24 – هەولێر:
جوڵانەوەی نەتەوەیی دیالە بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکە دەکات، چونکە وەک خۆیان دەڵێن پۆستەکان مامەڵەیان پێوەکراوە، تەنانەت نرخی پۆستی پارێزگار گەیشتووەتە زیاترەلە 100 ملیۆن دۆلار.
حکوومەتی خۆجێیی دیالە سەرە گەورەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەیەکداداوە. جوڵانەوەی نەتەوەیی دیالە بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکە دەکات، چونکە وەک خۆیان دەڵێن پۆستەکان مامەڵەیان پێوەکراوە، تەنانەت نرخی پۆستی پارێزگار گەیشتووەتە زیاترە لە 100 ملیۆن دۆلار.
ماوەی هەشت مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوە چووە، بەڵام دیالە هاوشانی کەرکووک بەبێ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی ماوەتەوە و پارێزگاری نوێی بۆ دانەنەراوە. ململانێکانی سەر پۆستی پارێزگاریش لەنێوان دوو لایەنی بەهێزی چوارچێوەی هەماهەنگییە ئەوانیش هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیکی و رێکخراوی بەدری هادی عامری.
هەردوولایان سوورن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری دیالە بەدەست خۆیانەوە بێت، دەوڵەتی یاسا دەیەوێت موسەنا تەمیمی وەک پاریزگاری دیالە لە پۆستەکەی بەردەوام نەبێت و پۆستی پارێزگاری دیالە بۆخۆیان بێت، بەڵام بەدر سوورە لەسەر دەستگرتن بە پۆستی پارێزگاری دیالەوە.
پێشتریش چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان بۆ چارەی کێشەی پارێزگای دیالە لەنێوان عامری و مالیکی کۆبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەکان بێ ئەنجام بوون. ململانێی هێزە شیعەکان لەسەر پۆستە ئیدارییەکانی دیالە چەند ڕەهەندێکی هەیە لەوانەش؛ دیالە پارێزگایەکی فرەپێکهاتەیە و ئێستە ڕێژەی شیعە و سوونە تاڕادەیک وەک یەکن، پارێزگاکە سنوورێکی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیە و بۆ پاراستنی ئێران لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان گرنگی خۆی هەیە، بەتایبەتی ناوچەکە جمووجوڵی بەردەوامی چەکدارەکانی داعشی تێدایە.
هاوکات بەهۆی بوونی دەروازەی نێودەوڵەتییەوە دیالە داهاتێکی باشی هەیە و دەنگۆی بەکارهێنانی سنوورەکانی بۆ قاچاخچێتیش هەیە. لەلایەکی دیکەوە دیالە جگە لە نەوت خاوەنی سامانێکی گەورەی کشتوکاڵییە بەتایبەتی پرتەقاڵ، ئەمەش وایکردووە چاوی زیاتری لەسەر بێت.
لەدوای هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕیزبەندی هێزەکان لە دیالە بەمجۆرەی لێهات؛ دیالە تونای شیعەکان چوار کورسی، تەقەدوومی محەمەد حەلبوسی سێ کورسی، سیادەی خەمیس خەنجەر سێ کورسی، عەزمی موسەنا سامەڕائی دوو کورسی، ئیستیحقاقی قەیس غەزعەلی کورسییەک، هاوپەیمانی ئەساسی موحسین مەندەلاوی کورسییەک و یەکێتیش کورسییەک.