تا ئێستە کەس لە نهێنی و ڕازی بەردە ئەفسانەییەکانی خورینج نەگەیشتووە

دیمەنی گاشەبەردەکانی گوندی خورینج - پیرانشار - پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
دیمەنی گاشەبەردەکانی گوندی خورینج - پیرانشار - پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

گوندی خورینجی سەر بە شاری پیرانشاری پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان, بە گوندی بەردە ئەفسانەییەکان ناسراوە و هەزاران گاشەبەردی قەبارە جیاواز لە نزیک گوندەکە بەسەر یەکدا کەوتوون و چەندان دیمەنی سەیر و سەرنجڕاکێشیان دروست کردووە.

چیرۆک و سەربوردەی زنار و بەردەکانی خورینج، لەگەڵ ئەوەی هیچ کەسێک نازانێت کەڵەکە بوون و پەرش و بڵاوبوونەوەیان چۆنە و مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە، بەڵام قسە و باسی سەیریان لەبارەوە دەکرێت.

بەگوێرەی هەندێک لە باس و گێڕانەوەکان، مەزندە دەکرێ لە شوێنێکی دیکەوە گوازراوبنەوە بۆ سەر گردێکی نزیک گوندەکە.

بڕوایەکی دیکە هەیە گوایە ئێستا شوێنەواری دەستی مرۆڤیان بەسەرەوە ماوە و گومانی ئەوە دەکرێ هەزاران ساڵ لەمەوبەر بە مەبەستی پەیکەرتاشی کەڵکیان لێ وەرگیرابێت.

گوندی بەردە ئەفسانەییەکان (خورینج) لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەکەوێتە دەشتی لاجانی سەر بە شاری پیرانشار کە تەنیا 20 کیلۆمەترێک لە خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەرانەوە دوورە.

لە لای باکووری گوندەکە و لەسەر گردێک بە درێژایی چوار کیلۆمەتر و بە پانیی 400 مەتر، ژمارەیەکی زۆر گاشەبەردی گەورە لەسەر یەک کەڵەکە بوون، کە هەندێکیان بارستەیان لە 10 مەتر زیاترە. جگە لە سەیر و سەرنجڕاکێشیی بەردەکان، زۆربەی بەردەکان لە لایەن خەڵکی گوندەکەوە ناوی تایبەتیان لەسەر دانراوە.

یەکێک لە بەردە ئەفسانەییەکانی گوندی خورینج
یەکێک لە بەردە ئەفسانەییەکانی گوندی خورینج

سەلاح ئازەرنیا، دانیشتووی گوندی خورینج دەڵێت: ئێمە بەرد مەلامان هەیە، لە ڕووی هەڵکەوتە و شێوەوە بەردێکی بەرز و ڕێکە وەک بڵێی جبەی پیاوێکی ئاینی پۆشیوە. هەروەها بەرد لانکەمان هەیە کە بەردەکە لە شوێنی خۆیدا جووڵەی هەیە، هەندێک لە بەردەکانیش بە بەردە سووران ناسراون، چونکە ڕەنگی سووریان پێوەیە. جیا لەمانەش بەرد گامێش و بەرد ساباتمان هەیە کە شوێنەکەیان بەرزە و خەڵکی ئێوارە بۆی دەچن و لەوێوە پشوو دەدەن سەیری ئاواییەکە دەکەن.

ناوبانگی گوندی خورینج و بەردەکانی، چووەتە ناو کتێبی ڕۆژهەڵاتی ناسانیشەوە، یەکەم کەسی باسی ئەو گوندەی کردووە، ڕۆژهەڵاتناسێکی بەریتانیا بە ناوی کۆرپۆتێر بووە کە لە ساڵی 1820 دا لەسەر زاری پیرە پیاوێکی ناوچەکە دەگێرێتەوە، خورینج پاشماوەی شارێکی گەورەیە و ئەم بەردانە خەڵکی ئەو شارەن بە هۆی توڕەبوونی خوای پەروەردگارەوە بوونەتە بەرد. 200 ساڵ پاش ئاماژەکردنی کۆرپۆتێر بەم بەردانە، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە سەرانسەری ئێرانەوە بۆ دیتنی بەردە ئەفسانەییەکانی خورینج دێنە ئەم گوندە.

گوندی خورینج لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
گوندی خورینج لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دانیشتووێکی دیکە گوندی خورینج، بەناوی ڕەسووڵ ڕەحمانی، دەڵێت: بەداخەوە گوندێکی پشتگوێ خراوە، ئەو هەڵکەوتن و ناوبانگەی هەیەتی نە قۆزراوەتەوە، هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ نەهاتووە، نە میوانخانەیەک بۆ حەواندنەوە و مانەوەی میوانانی هەیە نە بنکەیەکی تەندروستی. لە هەموو ڕوێکەوە پەراوێزخراوە، کەچی دەکرێت بایەخی پێ بدرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی باشی کۆکردنەوەی داهات و ئابووری.  

خەڵکی ئێستای ناوچەکەش چیرۆکی جیاوازیان لەسەر ئەم بەردانە هەیە. هێندێکیان دەڵێن نزای پیرێژنێک خەڵکی ئەم ناوچەیەی کردووەتە بەرد و هێندێکیش پێیانوایە بوونەوەرانی ئاسمانی هاتوون و تەکنەلۆجیای گواستنەوە و تاشینی ئەو بەردانەیان داوەتە خەڵکی ناوچەکە.

 کەسانێکیش ڕایان وایە، شێوەی ئەم بەردانە کە لە مرۆڤ یا ئاژەڵ دەچن تەنیا دەستکردنی سروشتن. ژمارەیەک لەو بەردانە شوێنەواری کاری دەستی مرۆڤیان لەسەر ماوە و گومان دەکرێ هەزاران ساڵ لەمەوبەر بە مەبستی پەیکەرتاشی کەڵکیان لێ وەرگیرابێت. ڕاستییەکە هەرچییەک بێ، تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوە  وتوێژینەوەیەکی زانستی و ئاکادیمی، لەسەر بەردە ئەفسانەییەکانی خورینج نەکراوە.