شرۆڤەکارێکی ئەمنی و سەربازی: ئەمساڵ زیاتر لە 84 هەزار پاکستانی هاتوونەتە عێراق
شرۆڤەکارێکی ئەمنی و سەربازی ڕایگەیاند، لەسەرەتای ساڵی 2024ەوە، 84 هەزار و 251 پاکستانی هاتوونەتە عێراق، هەروەها نیشینگەی عێراقیش دەڵێت: لەمساڵدا تاوەکو مانگی حوزەیران 88 هەزار و 427 پاکستانی عێراقیان بەجێ هێشتووە.
عیماد عەلۆ، شرۆڤەکاری ئەمنی و سەربازی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی عێراقی ڕێگەی داوە بیانییەکان بێنە عێراق بۆ سەردانی شوێنە ئاینییەکان و مەراسیمی عاشوورا، هەروەها حکوومەت بە ئاسانی ڤیزایان پێ دەدات تاوەکو بێنە ناو عێراقەوە".
گوتیشی: ئەوەی کە حکوومەتی پاکستان سەبارەت بە دیار نەمانی 50 هەزار پاکستانی ئاشکرای کردووە، پێم وایە زیادەڕەوی تێدا کراوە و ژمارەکە ورد نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سەنتەری نیشینگەی بەغدا لەبەیاننامەیەکدا باس لەوە دەکات، لەسەرەتایی ساڵی 2024ەوە، 84 هەزار و 251 پاکستانی هاتوونەتە عێراق، دەشڵێت، تاوەکو مانگی حوزەیران، 88 هەزار و 427 پاکستانیان بە جێهێشتووە.
ئەو شرۆڤەکارە جەختی کردەوە، حکوومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ، چاودێریی جموجۆڵی بیانییەکان دەکات و دەزانێت کە دێن و کەی دەڕۆن، واتە زیاد بوونی ڕێژەی ئەوانەی ڕۆیشتوون لە عێراق دەیسەلمێنێت، ئەو پاکستانییانەی باس لە دیارنەمانیان دەکرێت پێشتر لە عێراق ژیابن یان ئێستا لە عێراق دەژین.
عیماد عەلۆ، ڕاشیگەیاند "گومانی تێدانییە بەشێک لە پاکستانییەکان لە ڕێگەی ئێرانەوە بە نایاسایی هاتوونەتە عێراق، هەندێکیشیان ڕەنگە لە سلێمانییەوە هاتبن کە بەشێکیان دەستگیر کران، بەشێکیشیان لە شەلامچەوە هاتوون. واتە پاکستانییەکان هەموویان بەڤیزای فەرمیەوە نەهاتوون".