هاووڵاتییانی کەربەلا دژی مانەوەی گەشتیارانی پاکستانین

K24 – کەربەلا:
پرسی مانەوەی گەشتیارانی پاکستانی لە عێراق و کارکردنیان بەشێوەی نایاسایی، بووەتە ڕۆژەی گەرمی عێراقییەکان و هاووڵاتییانی پارێزگای کەربەلاش داوا دەکەن حکوومەتی عێراق لەو پرسەدا توندتر مامەڵە بکات بۆ ناردنەوەی هەموو ئەو کەسانەی بۆ گەشتی ئایینی دێنە وڵاتەکەیان.
لەلایەن خۆیەوە، حەمید هیلالی، مافپەروەر و مامۆستای زانکۆ بۆ کوردستان24 گوتی: دەنگۆی بڵابوونەوەی تایبەت بە 50 هەزار زیارەتکاری پاکستانی من پێم وایە ئەم بابەتە گەورەتر لە قەبارەی خۆیەتی بەوپێیەی پرسەکە پەیوەندیدارە بە دۆخی ئەمنییەوە، ناکرێت بە پاساوی زیارەتکردن سنوورەکان بەرەڵڵا بکرێن، پێویستە وردبینی ئەمنی هەبێت. زیارەتکارن بەخێربێن، بەڵام بەپێی یاساو رێساکان و توانای وڵات ئەو بۆنەیە لەوەی بۆنەیەکی سۆزدارییە کەمتر ئایینییە و ئامانجەکەی زیاتر گەیاندنی پەیامە، سیستم و یاساش لە گەورەترین پەیامەکانی ئیمام حوسێنن".
هەروەها حوسێن سەبری، چالاکوانی مەدەنی ئاماژەی بەوەکرد: "لە شتە سەیرەکانی دنیا لەم وڵاتە لە عێراق بەگشتی ڕوودەدات، هەر ڕۆژە و شتێک دیار نامێنێت، ڕۆژێک پارە دیار نامێنێت، ڕۆژێک کۆمەڵێک دیار نامێنن، هەموو ئەو شتانەی کە سەرسوڕهێنەرن لە جیهاندا، لە عێراق ڕوودەدەن، دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی نازانی ناوی لێ بنێی چی، هاوشێوەی دزی سەدە وایە، لەناکاو پارەی باج دیارنەما لە عێراق ئەم بابەتەی پاکستانییەکانیش هەمان شتە".
هاوکات ئەحمەد مەدەنی، رۆژنامەنووس دەپرسێت: "چۆن دیار نەمان؟ یان کێیە هاووڵاتییانی پاکستانی حەشار دەدات؟ یەکێکە لەو کێشانەی کە عێراق ئێستا ڕووبەڕووی بووەتەوە کێشەی کرێکارانی بیانیی نایاساییە، کە لێکەوتەی ئەمنیی و ئابووریی خراپی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت بوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاری بیانیی لێکەوتەی ئابووریی خراپی لەسەر بازاڕی عێراق دروستکردووە، کە ئەمە پێویست بەوە دەکات وەزارەتی ناوخۆ لەبەر پرسی ئەمنی چاودێری بازاڕ لە هەموو پارێزگاکان بکات".
محەممەد فەتلاوی، نووسەر و چاودێری سیاسی باسی لەوەکرد: " بابەتی دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی لە عێراق لەسەر زاری وەزیرێکی پاکستان بابەتێکی ئێجگار مەترسیدارە و پێویستە حکوومەتی عێراق هەڵوەستە لەسەر ئەم پرسە بکات و پێویستیشە ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێن کە لەپشت هێنانی ئەو ژمارە زۆرەی کرێکاری بیانین بەشێوەی نایاسایی هەروەها ئەوانەش ئاشکرا بکرێن کە لەپشت خستنەسەرکاری ئەو کرێکارانەن لە دەرەوەی یاسا".
پێش چەند ڕۆژێک ڕۆژنامەی "ئوممەی" پاکستانی، لە زاری چوهدری حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینییەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی پاکستانی لە عێراق ونبوونە و حکوومەتی ئیسلام ئاباد لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕێگەی نایاساییەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن .
لەیەکەم کاردانەوەشدا ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: بەدواداچوون بۆ هەواڵی دزەپێکرانی 50 هەزار گەشتیاری پاکستانی دەکەین و ڕێکاری یاساییان لەدژ دەگرینەبەر و جەختی کردەووە: وەزارەتەکەیان هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی کرێکارانی نایاسایی و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژیان.
28ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند دوای ئەوەی لەلایەن هەندێک میدیاوە، دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی لە عێراق بڵاو کرایەوە، ئەوان پەیوەندی فەرمییان بە وەزیری کاروباری ئاینی پاکستان چوهدری حوسێن کردووە، وەزیری کاروباری ئایینی پاکستان کردووە و سەلماندی کە گومان هەیە لە گواستنەوەی ئەو زانیارییانەی بڵاوی کردووەتەوە، گوتویەتی: ئەوەی لە میدیاکانەوە باسکراوە سەبارەت بە دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی هەڵەیە.