ئەردۆغان هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 – هەولێر:

ئەردۆغان هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت؛ چییان بەسەر قەرەباغ و لیبیا هێنابێ، هەمان شت دووبارە دەکەنەوە و ئاشکراشی کرد، مەحموود عەباسیان بانگهێشت کردووە لە پەرلەمانی تورکیا قسە بکات بەڵام وەڵامی ئەرێنی نەداوەتەوە.

28ـی تەمموزی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا لە پارێزگای ریزە ڕایگەیاند، تورکیا وڵاتێکی بەهێزە و توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت. گوتیشی، وەک چۆن چوونە ناو خاکی قەرەباغ و لیبیا، هەمان شت بەرامبەر ئەوانیش دەکەن.

ئەردۆغان گوتیشی: "وەک چۆن چووینە ناو خاکی قەرەباغ و لیبیا، هەمان شت بەوانیش دەکەین. هیچ بەربەستێکمان لەبەردەم دا نییە تا نەیکەین. تەنیا دەبێت بەهێز بین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هەنگاوانە بگرینەبەر و رێگە نەدەین ئیسرائیل ئەم کارانە بەرامبەر بە فەڵەستین بکات"

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەردۆغان باسی لەوەشکرد: "ئێمە وڵاتێکی بەهێزین بۆیە دەتوانین بەم شێوەیە قسە لەگەڵ ئیسرائیل بکەین، پەیوەندییەکانمان و بازرگانیمان لەگەڵیاندا بپچڕێنین".

لەبارەی بانگهێشتکردنی مەحموود عەباس بۆ پێشکەشکردنی وتارێک لە پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان ئاشکرای کرد، ئەوان بانگهێشتتی مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستینان کردووە بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی ئێمە قسە بکات، بەڵام ئەو وەڵامێکی ئەرێنی نەداینەوە.

 

Fly Erbil Advertisment