لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر کێشەی دابین کردنی زەوی بۆ دابەشکردن نییە

مەریوان حاکم هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر
مەریوان حاکم هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر

مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت: لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر کە دەکەوێتە دەرەوەی سەنتەری شار، پێویستە 60 بۆ 65 هەزار پارچە زەوی  بۆ دابەشکردن ئامادە بکرێن.

مەریوان حاکم هادی گوتیشی: لە تەواوی سەرۆکایەتیی شارەوانییەکانی سنووری سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان زەوی پێویست دیاریکراوە و کار لە ڕێکارەکانی دانانی نەخشەی کەرتی دەکرێت.

لە بارەی ڕێنماییەکانی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەوی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر گوتی: ئەگەر لە هەر خێزانێکدا پیاوەکە و هاوژینەکەی فەرمانبەر بوون، ئەوا کامیان خزمەت و خاڵی زیاترە دەتوانێت فۆرمەکە پڕ بکاتەوە، جیا لەمانە هەر فەرمانبەرێک کە سەڵت بوو لە ماڵەشیاندا چەند کەسیان فەرمانبەری حکوومەت بن، دەتوانێت فۆرم پڕ بکەنەوە بەو مەرجەی لە هەشت خاڵ کەمتریان نەبێت.

هەروەها ئاماژەی دا "لە سنووری پارێزگای هەولێر زەوی پێویست بۆ دابەشکردن هەیە و ڕەنگە پێویست بە ڕەچاوکردنی خاڵبەندی  نەکات".

تەئکیدیشی کردەوە کە بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان، پێدانی پارچە زەوی تەنیا ئەو فەرمانبەرانە و خانەنشینانە دەگرێتەوە، کە سوودمەند نەبوون، بەڵام ئەوانەی پێشتر زەویان پێ دراوە جا بە هەر بڕیارو شێوازێک بێت، ئەوە زەویان پێ نادرێت.