وەزیری هەرێم، قوتابیانی تورکمانی و سریانی خەڵات دەکات

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ پێشوازیمان لەو قوتابیانە کردووە کە لە خوێندنی تورکمانی و سریانی نمرەی باشیان بەدەست هێناوە".

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی لە داواکاریی پێکهاتەکان کردووە، ئەمەش بۆ بەهێز کردنی پێکەوە ژیانی ئاینەکان و نەتەوەکان زۆر گرنگە".

ئایدن مەعروف دەڵێت: ئەمڕۆ پێشوازیمان لە پۆلێک لە قوتابیانی تورکمانی و سریانی کردووە کە بە نمرەی بەرز لە بەشەکانی خۆیان دەرچوون، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ پاڵپشتیکردن و بەرەو پێشبردنی خوێندن و پەروەردە، بۆیە خەڵاتی تایبەتیان پێ دەدەین تاوەکو ببێتە هاندانێک بۆ ئەو قوتابیانە.

وەزیرەکەی هەرێم گوتیشی: سوپاسی وەزارەتی پەروەردە دەکەین کە پشتیوانیی قوتابخانەکانی تورکمانی و سریانییان کردووە، هەروەها ئێمەش پاڵپشتیان دەکەین و جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە قوتابیانی تورکمانی و سریانی دەکەین.