10 هەواڵ بە کورتی

کورتەهەواڵ (دیزاین: کوردستان24)
کورتەهەواڵ (دیزاین: کوردستان24)

10 لە گرنگترین هەواڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە، 30-07-2024ـی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە کورتی. 

1. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی پەسەند کرد

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 30ی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی گشتیی و تایبەت، کۆی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیشی پەسەند کرد.

2.سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە تاران

سێشەممە، 30-07-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان، بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی  ئێران، گەیشتە تاران.

3. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: کابینەی نۆیەم بایەخێکی باشی بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان داوە 

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە شارۆچکەی کفری ڕایگەیاند "لەم کابینەیەدا بایەخێکی تایبەت بە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان دراوە، نۆژەنکردنەی سەنتەری ئۆتیزم داواکارییەکی دیکەی مانگرتووانی شارەکە بوو، بۆیان جێبەجێ کرا".

4. پارێزگاری دهۆک: حکوومەت هەموو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی بازرگانیی بە مرۆڤ دەدات

سێشەممە، 30-7-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە گوتارێکدا باسی لەوە کرد "قاچاخچییەکان گەنجان هەڵدەخەڵەتێنن و وەکو کەرستەیەکی بازرگانی بەکاریان دەهێن، پێیان دەڵێن، دەتانبەینە ئەورووپا، کەچی بەداخەوە زۆرینەیان لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەورووپا دەخنکێن". گوتیشی "ئێمە وەکوو حکوومەتی هەریمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین تاوەکو بازرگانی بە مرۆڤ بۆ کەمترین ڕادە کەم بکەینەوە". 

5. دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی عێراق: وەزیری دارایی مافمانی خواردووە

سەدان لە دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق چوونە بەردەم وەزارەتی دارایی عێراق و خۆپیشاندانیان کرد. ئەو دەرچووانە، کە پسپۆڕییان لە سەرجەم بەشە پزیشکییەکان هەیە داوا دەکەن دابمەزرێن و دەڵێن: وەزیری دارایی مافمانی خواردووە. 

6.بەرهەمی سماقی ئاکرێ سێ هەزار و 900 تۆنە 

سێشەممە، 30ـی تەمموزی 2024، د. دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە سنووری ئاکرێ سێ ملیۆن و 500 هەزار داری سماق هەیە، بە بەراورد بە پار، ڕێژەی داری سماق زیادی کردووە و بەرهەمی ئەمساڵی دەگاتە سێ هەزار و 900 تۆن". 

7. ڤەنزوێلا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەشت وڵاتی ئەمەریکای لاتین دەپچڕێت

وەزارەتی گواستنەوەی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 30-07-2024، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ پەنەما و کۆماری دۆمینیکان ڕادەگرێت، لەبەر دەستوەردانیان لە کاروباری ناوخۆیی ڤەنزوێلا و گومانیان لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی نیکۆلاس مادورۆ بە سەرۆکی وڵات.  

8. لە هیندستان لە ئەنجامی ڕۆچوونی زەوی دەیان کەس بوونە قوربانی

وەزیری تەندروستی هیندستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی تەمموزی 2024، لەئەنجامی ڕۆچوونی زەوی لانیکەم، 24 کەس گیانیان سپارد و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوونە، هەروەها سەدان کەسیش بەهۆی قوڕولیتەوە گیریان خواردووە.

9. تەندروستیی جیهانی: ئیفلیجی بەرۆکی منداڵانی غەززەی گرتووە

تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا نەگیرێتە بەر، ئیفلیجیی منداڵان بە هەزاران منداڵی نەکوتراو لە کەرتی غەززە تووش دەکات. ئەوەشی ئاشکرا کرد، تا ئێستە هیچ حاڵەتێکی ئیفلیجیی منداڵان دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لە نەبوونی ڕێکاری خێرا، هەزاران منداڵ تووش دەکات کە هێشتا نەکوتراون.

10. لە میسان 10 کەسی سەر بە گرووپی 'قوربانییەکان' دەستگیر کران

ئەمڕۆ سێشەممە، 30-07-2024، فەرماندەی پۆلیسی میسان دەستگیرکردنی 10 کەسی سەر بە گرووپی "قوربانییەکان"ـی لە پارێزگای میسان ڕاگەیاند.