ئیلی حاتەم: حزبوڵڵا سوپرایز بۆ ئیسرائیل دروست دەکات

پارێزەرێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پێی وایە حزبوڵڵا وەڵامێکی هێندە توندی بۆ ئیسرائیل دەبێت کە دەبێتە سوپرایز بۆی
سێشەممە 30ـی تەممووزی 2024، دکتۆر ئیلی حاتەم ڕاوێژکاری سیاسی و پارێزەر لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، تاکو ئێستا زانیارییەکان پشت ڕاست نەکراوەتەوە ئەوەی لە جۆلان ڕوویداوە کێ لێی بەرپرسیارە، گوتی: ئێمە بەدوای ناتانیاهو و وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوەین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دادگایان بکەینەوە، دەشڵێت: ئەو هێرشەی کراوەتە سەر لوبنان پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەری ئەو وڵاتە، بەشێکی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیر کراوە، گوتی: ئیسرائیل هەمیشە هێرش دەکات و خەڵکی سڤیل دەکوژێت.
لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکانیش ئەو پارێزەرە پێی وابوو، مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، گوتی: ناوچەکە بەگشتی لە مەترسیی دایە، لەناو حکوومەتی ئیسرائیل کێشەی کەوتووەتەوە و بەشێکیان پێیان وایە شەڕەکە فراوان دەبێت و ناوچەکە دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی داوا لە ناتانیاهو کرا هێرش نەکاتە سەر لوبنان، بەڵام گوێیان بۆ کەس نەگرت و هێرشەکەیان ئەنجام دا و دەستیان بەشەڕەکە کرد، ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەکە لە گڕگرتن دایە و گوتی: هێرشەکە یەکلایی کەرەوە دەبێت، پەنجەی تاوان ڕوو لە ناتانیاهویە کە هێرشەکەی جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام درابێت ومووشەک بە ئەنقەست ئاڕاستەی ئەو ناوچەیە کراوە.
ئەو پاریزەرە دەڵێت: حزبوڵڵا وەڵامێکی زۆر توندتری دەبێت و سوپرایز بۆ ئیسرائیل دروست دەکات.
ئێوارەی 30ـی تەمموزی 2024، ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر باشووری بەیرووت، سەرکردەیەکی باڵای حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
بەشێک لە سەرچاوە میدیاییەکانی لوبنان ئاماژەیان بەوەکردووە: لەو هێرشەدا گومان دەکرێت فوئاد شوکر، کەسایەتی دووەمی حزبوڵڵای لوبنانی کرابێتە ئامانج.
لەلایەن خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئامانجی هێرشەکەیان لە بەیرووت کوشتنی کەسی دووەمی حزبوڵڵا بووە بەناوی فوئاد شوکر کە ڕاوێژکاری سەربازی حەسەن نەسروڵڵڵایە و بەرپرسی یەکەمی چەندین هێرش بووە بۆ سەر ئیسرائیل کە دوایینیان هێرشەکەی مەجدەل شەمس لە بەرزاییەکانی جۆڵان بووە.
هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە: دوای هێرشەکەی باشووری بەیرووت، سوپای ئیسرائیل خراوەتە ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێکی وەڵامدانەوەی حزبوڵڵا بۆ ئەو هێرشە.