خولێکی دوو ڕۆژە بۆ توێژەرانی کۆمەڵایەتی بەڕێوەچوو

وێنەی خولی توێژەرانی کۆمەڵایەتی
وێنەی خولی توێژەرانی کۆمەڵایەتی

بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر بە پاڵپشتی ڕێکخراوی ئینتەرسۆس و بەهەماهەنگی سەندیکای کۆمەڵناسانی کوردستان خولێکی دوو ڕۆژەی بنیاتنانی تواناکانی بۆ کۆمەڵێک توێژەری کۆمەڵایەتیی قوتابخانەکانی سنوری پەروەردەی هەولێر بەڕێوەبرد.

لە دەستپێکی ڕۆژی یەکەمی خولەکەدا، عقیدی پۆلیس سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، تیشکی خستە سەر گرنگی خول و ڕاهێنان و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، بەتایبەت لەڕێگەی توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە قوتابخانە و ناوەندە پەروەردەییەکان. دواتر ڕاهێنەر پەیڕەو ئەنوەر، لە ڕۆژی یەکەمی خولەکەدا، تیشکی خستەسەر یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە 8ـی ساڵی 2011 و ڕۆڵی لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

لە ڕۆژی دوومی خولەکدا، مامۆستا خەتاب، لە زانکۆی سەلاحەددین، تیشکی خستەسەر ڕۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتیی لە کەمکردنەوەی توندوتیژی لە قوتابخانەکان. هەر لەهەمان ڕۆژدا، ڕائدی کاروان جمیل، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوە بابەتێکی لەبارەی توندوتیژی ئەلیکترۆنی پێشکەشکرد و چەندین خاڵی پەیوەست بە پرسەکە بۆ بەشداربووان ڕوونکردەوە. دواتر بەسەرنج و پرسیار و تێبینییەکانی بەشداربووان کۆتایی بە ڕاهێنانەکە هێنرا.

Fly Erbil Advertisment