نەوزاد هێتوتی: ئێران نایەوێت بچێتە ناو شەڕێکی گەورەوە لەگەڵ ئیسرائیل

نەوزاد هێتوتی شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
نەوزاد هێتوتی شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس و ژمارەیەک لە خانەوادەکەی، لە باکووری تارانی پایتەختی ئێرانەوە تیرۆر کرا. ئەو هێرشەش کاردانەوەی توندی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توند لە ئیسرائیل دەکات کە پێشێلی سەروەریی خاکی ئێرانی کردووە.

نەوزاد هێتوتی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکات، ئێران بۆ پاراستنی شکۆی خۆی، جارێکی دیکە چەند مووشەکێکی سنووردار، ڕاستەوخۆ ئاراستەی ئیسرائیل دەکات، بێ ئەوەی بیەوێت شەڕەکە فراوان بێت.

نەوزاد هێتوتی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، کوشتنی ئیسماعیل هەنییە لە پایتەختی ئێران، گرژییەکان لەنێوان ئێران و ئیسرائیل توندتر دەکات، پێشی وایە ئەگەر هەیە شەڕێکی گەورە ڕوو لە ناوچەکە بکات، دەڵێت: هێرشەکەی بەندەری حودەیدیە، کوشتنی سەکردەیەکی حزبوڵڵا لە بەیرووت و کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، چەند ڕووداوێکن کە دەتوانن کاریگەرییەکی گەورە لە ئاراستەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس دروست بکەن. دەشڵێت:ئەو هێرشەی سەر ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەخت، پێشێلکردنی سەروەریی ئێرانە.

ئەو شارەزایە پێی وایە "یەکی نیسانی ڕابووردو کە بۆمبارانی کاتێک کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق کرا، ئێران بەڵێنی دا وەڵامی هەبێت و وەڵامیشی دایەوە. بەڵام بە ئاماژەیەک کە نایەوێت شەڕەکە فراوان بێت. بۆ ئەو هێرشەش دیار نییە وەڵامەکە بەچ شێوەیەک دەبێت. ڕەنگە ئێران ڕاستەوخۆ وەڵام بداتەوە چونکە هێرشەکەی سەر ئیسماعیل هەنییە لەنێو خاکی ئێران بووە، بەڵام ڕێگە نادرێت شەڕەکە لە ناوچەکە فراوان بێت. ئێران دەیەوێت شكۆی خۆی بپارێزێت، چونکە بۆ ئێران ئەستەمە لەگەڵ ئیسرائیل بکەوێتە نێو شەڕێکی گەورە، ئێران ترسی لە بنکە ئەتومییەکانی و بارودۆخی ناوخۆیی و باری ئابووریی هەیە، بۆیە وەڵامەکە سنووردار دەبێت" دەشڵێت: ڕەنگە وەڵامەکەی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی، لە عێراق و سووریا و لوبنان بێت بۆ سەر ئیسرائیل، ئەگەریی هەیە ئێران دووبارە چەند مووشەکێک ئاراستەی ئیسرائیل بکات.

وەک یەکەم کاردانەوەی ئێران لەسەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا دەڵێت: ڕژێمی تاوانباری ئیسرائیل، میوانی ئازیزی ئێمەی لە ناو ماڵی ئێمەدا شەهید کرد و هەموومانی خەمبار کرد بەڵام ڕێگەی لەبەردەم سزادانێکی قورسی خۆی خۆش کرد.

خامنەیی، سەرەخۆشیی ئاراستەی بەرەی موقاوەمە و گەلی فەلەستین و بنەماڵەی هەنییە کردووە و جەختی کردووەتەوە لەبەر ئەوەی ئەم ڕووداوە لە ناو خاکی ئێراندا ڕووی داوە، کۆماری ئیسلامیی ئیران تۆڵە سەندنەوەی بە ئەرکی خۆی دەزانێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ـی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە رێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە.

حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.

Fly Erbil Advertisment