نێچیرڤان بارزانی لە تاران بە جیا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان و محەممەد باقر قالیباف کۆ بووەوە

وێنە: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
وێنە: سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆککۆماری نوێی ئێران و سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران کۆ بووەوە.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: لە بەردەوامیی سەردانەكەیدا بۆ تاران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە،31ـی تەمموزی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەسعود پزشكیان، سەرۆكی کۆماری ئیسلامیی ئێران كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆکكۆماری ئێران سوپاسی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەكاربوونیدا كرد، هه‌روه‌ها دووپاتی كردەوە كە ئێران له‌ هه‌موو بواره‌کاندا خوازیاری برەودانە بە پەیوەندییەكان و هاریکاریی هاوبه‌شی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و عێراقدا.

لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی کوردستان سوپاسی بانگهێشتەكەیانی كرد و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، ئێران بە دراوسێیەكی گرنگی خۆی دەزانێت و کار ده‌کات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێراندا، هه‌وره‌ها پزشکیانی بانگهێشتی هه‌ولێر کرد له‌ کاتی سه‌ردانی چاوه‌ڕوانکراویدا بۆ به‌غدا.

هاوکات نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان خوازیارە ڕێژەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ باشووری عێراق لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە و زياتر و ئاڵوگۆڕى بازرگانی لەنێوان هەردوولادا فراوانتر ببێت. داكۆكی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێ نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ شاندى ياوه‌رى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ی بوون، هه‌ردوولا ستایشی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ و له‌ مێژینه‌ی ئێران و هه‌رێمی کوردستانیان کرد و ئاماژه‌یان به‌ هاریکاریی ئه‌منیی کارای ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا کرد، بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران كۆ بووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ناوخۆی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی خرایە بەر باس و دەربارەی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە بیروڕایان گۆڕییەوە.

هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا كردەوە و هاریكاریی هاوبەشیان له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئارامیی بە پێویست زانی.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە شاندی یاوەری سەرۆكی هەرێمی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و فەوزی هەریری، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادەی بوون، باس له‌ چەند بابەتێكی دیكەی جێ بایەخی هاوبەش کرا.