یانەی نەورۆز بەردەوامە لەسەر گواستنەوەی یاریزانی نوێ

یانەی نەورۆز بەردەوامە لەسەر گواستنەوەی یاریزانی نوێ بۆ ریزەکانی یانەکەی، بە مەبەستی زیاتر توکمە کردنی ریزەکانی یانەکەی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
ئەمشەو یانەی نەورۆز گواستنەوەی سێ یاریزانی نوێی بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند، سەرەتا یانەکەی شاری سلێمانی عیماد عیسا گۆڵپارێزی پێشووی یانەی زاخۆی راگەیاند، دواتر ئیبراهیم محەمەد ناوەڕاستکاری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ وەرزی داهاتوو گواستەوە ریزەکانی.
لە بەردەوامی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان یانەکەی شاری رۆشەنبیری ئەمجارەیان، لە رێگەی هەژماری فەرمی یانەکەیان گواستنەوەی هاوکاری جەمال هێرشبەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش بڵاوکردەوە.
یانەی نەورۆز چەند رۆژێکیش لەمەوبەر بە شێوەیەکی فەرمی، جۆرڤان ڤییەرای بەڕازیلی وەکو راهێنەری نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 بڕیارە ئەو یانەیە، لە چەند رۆژی داهاتوو چەند یاریزانێکی دیکە بگوازێتەوە ریزەکانی.


