جەستن تۆماس: هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل هەراسانکەرن

جەست تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسی
جەست تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – واشنتن:

شرۆڤەکارێکی سیاسی، دەڵێت: بە کوشتنی  ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس ئەستەمە جارێکی دیکە پرسی ئاشتەوایی ئیسرائیل و حەماس بێتە ئاراوە.

جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەوە بیسەلمێنیت ئەمەریکا بەشداربووبێت لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەڵکو هێرشەکە زۆر بە وردی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کراوە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، ئاماژەی بەوە کرد: ئەمەریکا هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات، ئەمەش دۆخی جەنگەکە فراوانتر دەکات.

ناوبراو باسی لەوە کرد: هەڵسوکەوتەکانی ئیسرائیل هەراسانکەرن، بە کوشتنی  ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس ئەستەمە جارێکی دیکە پرسی ئاشتەوایی ئیسرائیل و حەماس بێتە ئاراوە.

جەستن تۆماس، گوتی: دەکرێت کەسانێکی زۆر دژبەرتر شوێنی ئەو بەرپرسەی حەماس بگرێتەوە ئەمەش پێشبینی کراوە و ڕەنگە ڕووبدات.

بەرەبەیانیی چوارشەممە، 31ـی تەممووزی 2024، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەکەی و پاسەوانێکی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا لە تاران، ڕاگەیاند.

حەماس ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئیسماعیل هەنییە دوای بەشداریی لە ڕێوەڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران، چووەتە شوێنی مانەوەی لە تاران و دواتر کوژراوە.

لەلایەن خۆیەوە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی هەنییەی سەلماند و ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە دەستیان پێ کردووە و دواتر ئەنجامەکەی بڵاو دەکەنەوە. حکوومەتی ئێران وەک ڕێزگرتن، سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.