هەڵگورد شێخ نەجیب: حکوومەت بایەخ بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاو دەدات

سەرپەرشتی ئیدارەی سۆران ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، دەبێت پرۆژەکانی ئاو لە پێش هەموو پرۆژەکانی دیکەوە بێت و بکەونە بواری جێبەجێ کردن.
پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتی ئیدارەی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "خزمەتگوزاریی کارەبا و شەقام هەموو ئەمانە گرنگن، بەڵام لە هەموو ئەوانەش گرنگتر پڕۆژەی ئاوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەبێت پرۆژەکانی ئاو لە پێش هەموو پرۆژەکانی دیکەوە بێت و بکەونە بواری جێبەجێکردن".
ئەو سەرپەرشتە گوتی: چارەکردنی پرۆژەکان و دابینکردنی ئاو لە شارەدێی، گوند و شارۆچکەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەوەیە کە دەبێت ئەو پرۆژانە پرۆژەی ستراتیجی بن، چارەی بنەڕەتییان بۆ بکرێت.
سەرپەرشتی ئیدارە سۆران گوتیشی: بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا وایکردووە ئێمە نەتوانین بەشێوەیەکی دروست پشت بە ئاوی ژێرزەوی ببەستین. بۆیە هەوڵ دەدەین بە گوژمەیەکی زیاتر، پرۆژەی ستراتیجی جێبەجێ بکەین؛ بە پشت بەستن بەو پرۆژانە، ئاو بۆ ماوەیەکی زۆر و چەندان ساڵ دابین بکرێت.
هەڵگورد شێخ نەجیب ڕاشیگەیاند "ئاوی ژێرزەوی ساڵانە کێشە و گرفتمان بۆ دروست دەکات، بەتایبەت ئەو بیرانەی کە وشک دەبن، ناتوانن ئاوی پێویست دابین بکەن. ئەوەش یەکێکە لەو پرۆژانەی کە هەوڵمان داوە سوود لە ئاوی سەرزەوی وەربگیرێت، تاکو ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەیەکی درێژ چارەی گرفتەکانی بێئاوی ئەو ناوچانە بکەن".
ئەوەشی خستە ڕوو "پرۆژەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نەوەستاون. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ئێمە دەستمان بە شۆڕشی ئاوەدانیی لەناو سەنتەری سۆران و شارۆچکە و گوندەکانی کردووە. سۆران ناوچەیەکی بەرفراوانە چەندان گوند دەکەوێتە سەر ئەم سنوورە، ڕەنگە کاتێکی زۆری بوێت بۆ تاکو پرۆژەکان دەگەیەنینە هەموو گوند و شارۆچکەکان، ئەو بودجەیەی لەبەردەستماندا بووە تێیدا حسابێکی تایبەت بۆ گوندنشینەکانی کراوە.