کوردستان24 زانیاریی لەسەر وەرگرتنی زەوی لە لایەن خاوەن زەوییە زێدەڕۆکان بڵاو دەکاتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، زانیاریی نوێ لەبارەی پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانە ئاشکرا دەکات کە خانوو یان زەوی زێدەڕۆیان هەبووە و حکوومەت بۆیانی تاپۆ کردووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر بەشێکی فەرمانبەراندا دابەش کرا. پرسی زەوی و خانووە زێدەڕۆکان بووە پرسێکی گرنگ، بەتایبەت ئەوانەی زەوی یان خانووی زێدەڕۆیان هەبووە و دواتر لەلایەن حکوومەتەوە زەویی و خانووەکانیان تاپۆ کراون. پرسیارەکە ئەوەبوو، ئایا ئەو فەرمانبەرانە دەتوانن فۆرمەکە پڕ بکەنەوە یان بە سوودمەندبوو هەژمار دەکرێن؟
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هەر فەرمانبەرێک ئەگەر لە کاتی تاپۆکردنی زەوی و خانووە زێدەڕۆکەی، لەسەر بنەمای ئەو یاسا و بڕیارەی زەوییەکەی پێ تاپۆ کراوە لە دۆسیەکەی ئاماژە بەوە کرابێ بە سودمەندبوو هەژمار کراوە، ئەو کاتە فەرمانبەرەکە ناتوانێت فۆرمی وەرگرتنی زەوی پڕ بکاتەوە. چونکە، لەسەر یاسا و بڕیارێک خانوو و زەوییە زێدەڕۆکەی تاپۆکراوە کە بە سوودمەندبوو لە قەڵەمی داوە".
سەربەست مەولوود باسی لەوەش کرد "ئەو فەرمانبەرانەی قەرەبووی زەوی زێدەڕۆ و قەرەبووی شەڕی ناوخۆ و قەرەبووی ڕاگواستنی زۆرەملێیان وەرگرتووە، دەتوانن فۆرمەکە پڕبکەنەوە؛ بەڵام دەبێت فەرمانبەرەکە لە فۆرمەکە ئاماژە بە قەرەبووەکە بکات".