عەتا محەممەد: ئەمساڵ زۆرترین پەتاتە هەناردە دەکرێت

جێگری سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان دەڵێت: بازرگانانی ناوخۆ هەوڵی ئەوە ئەدەن ئەو بەرهەمەی هەیانە هەناردەی وڵاتانی دەوروبەر و بەریتانیا بکەن، بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی دەچێتە دەرەوە لەناوخۆدا بەکاری بێنین.
پێنجشەممە، 1ـی ئابی 2024، شێخ عەتا محەممەد، جێگری سەرۆکی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئێستا بازرگانانی ناوخۆ هەوڵی ئەوە ئەدەن ئەو بەرهەمەی هەیانە هەناردەی وڵاتانی دەوروبەر و بەریتانیای بکەن، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە".
شێخ عەتا گوتی: پێویستە نرخی کارەبا بۆ خاوەن کارگەکان کەم بکرێتەوە تاوەکو بتوانن کارگەی زیاتر بکەنەوە و کاربکەن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە جیاتی هاوردەکردن، هەناردە بکەین و ئەو پارەیەی دەچێتە دەرەوە لەناوخۆدا بەکاری بێنین.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە وەکو یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ بازرگانان قسەمان لەسەر ئەوە کردووە کارگەی زیاتر بکەنەوە، بەڵام ئەوان پێویستیان بە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەبابەتی کارەبا و ڕێگەوبان بۆ کارگەکان.
ئەو بەرپرسە دەشڵێ: ئێمە پەتاتەیەکی زۆرمان هەیە هەناردەی دەکەین بۆ سعوودیە و وڵاتانی دەورووبەر دەکەین، هەروەها ئاوی سلێمانی هەناردەی بەریتانیا دەکەین، هەروەها بازرگانمان هەیە هەوڵی ئەوە دەدات نۆکی برژاو هەناردەی دەرەوە بکات.
شێخ عەتا جەختیشی کردەوە، بەرهەمی هێلکە و مریشکێکی زۆرمان هەیە کە لە پێداویستیی خۆمان زیاترە و دەبێت هەناردەی بکەین؛ هەروەها هەندێک بازرگان لەهەوڵی هەناردەکردنی هەنارن بۆ دەرەوە، بۆیە ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێم هاوکارییان دەکەین و کار ئاسانییان بۆ دەکەین تاوەکو بازرگانان بتوانن هەناردە بکەن.