سبەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی دەکات
K24 – بەغدا:
بریارە سبەینێ پەرلەمانی عیراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی بکات، بەڵام هێشتا ناکۆکی لەنێوان شیعە و سوونە لەسەر پرۆژەیاساکە بەردەوامە و لایەنە شیعییەکان دەیانەوێت گۆڕانکاری لە ڕەشنووی پرۆژەیاساکە بکەن.
ئیمان خەمیس، دایکی یەکێک لە زیندانیکراوەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کوڕەکەم کارمەندی پۆلیسی فیدراڵی بوو لە بەشی ڕاگەیاندن، لەکاتی پشووی خۆیدا بوو لە ماڵ، نانی نیوەڕۆمان دەخوارد هاتن لە ماڵەوە بردیان و ڕۆشتن، ئێستە داواکاری ئێمە ئەوەیە لێبوردنی گشتی بۆ ئەوانە بێت کە بێتاوانن، ئەگەر لە دوای 2016 لێکۆڵینەوەکان دووبارە بکەنەوە، تاوانبار و بێتاوان دەردەکەوێ.
شیعەکان بەو پرۆژەیاسایە ڕازی نین کە سوونەکان هێناویانەتە نێو پەرلەمان و دەیانەوێت دەستکاری هەندێک برگە و ماددەی بکرێت، ئەگەر پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی ڕێککەوتنی سیاسی پێشوەختەی نێو شیعە و سوونەی لەسەر نەکرێت، زەحمەتە لە پەرلەمان هەروا بە ئاسانی دەنگی لەسەر بدرێت.
برگەی یەکەمی دانیشتنی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عیراق تەرخانکراوە بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی، دوای ئەوەی لەدانیشتنی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان نەتوانرا خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاساکە بکرێت.