هامش فال کۆنەر: پێویستە تاوانبارانی داعش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، پێویستە تاوانبارانی داعش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بەردەوام پاڵپشتی ڕزگاربووان لە گەیشتن بە دادپەروەری و ئاشتیش بکەین.
ئەمڕۆ 3ـی ئابی 2024، هامش فال کۆنەر، ئەندامی پەرلەمان و وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بەریتانیا، لە یادی ڕێوڕەسمی 10 ساڵەی جینۆسایدی کوردی ئێزدی ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ ئێزدییەکان ماتەمینی دەگێرین، بۆ ئەو دڕندایەتی و توندوتیژییەی داعش بەرامبەر ئەوان کردیان".
ئەو وەزیرە دەڵێت: لەم ڕۆژەدا، داعش بە هەزاران کۆمەڵکوژی و توندوتیژی بەرامبەر ئێزدییەکان کرد، لە چەند هەفتەی دواتر زیاتر لە شەش هەزاری کەسی ئێزدی ڕفێندران و زیاتر لە سێ هەزار ژن و کچە کەمتەمەنەکان تووشی کۆیلایەتی و توندوتیژی و دەستدرێژی بوون.
دەشڵێت: زیاتر لە %65ـی دانیشتووانی ئێزدی ئاوارە بوون و ئازارێکی بێ ئەندازەیان چەشت، ئێستە سەدان هەزار کەس لە کەمپی ئاوارەیی ماونەتەوە و هەزاران کەسیش بزرن. ئەو برینە لەسەر شەنگال و خەڵکەکەی بەجێ ماوە، ڕۆژانە ئەو دڕنداییەتییان بەبیر دەهێنیتەوە، کە بەردەوام کاردانەوەی وێرانکەر کە تا ئێستەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەستییان پێ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا "لە مانگی ئابی 2023، حکوومەتی بەریتانیا بەفەرمی ئەم کارەساتەی وەک کردەوەی جینۆساید ناساند، لە کاتێکدا ئەم دانپێدانانە هەنگاوێکە بەرەو دادپەروەری، بەڵام بۆ زۆرێک لە ئێزدییەکان لێپرسینەوەی ڕاستەقینە و چارەی کۆمەڵایەتی زۆر دوور دیارە".
هامش فال کۆنەر ڕاشیگەیاند "هەر چەندە ئازارەکانی ڕابردوو بەردەوام بوونیان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ بیر لە هێزی کۆمەڵگەی ئێزدیش دەکەینەوە،بۆ ئەو ڕزگاربووانەی بەهۆی ئەو تاوانە نامرۆڤاکانی داعشەوە کاریگەرییان لەسەرە، دادپەروەری بەدەست دەهێنن. پێویستە توانبارانی داعش لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، پێویستە هەردوو حکوومەت بەردەوام بن لە نزیکەوە پێکەوە کارکردن؛ هەروەها با لە نزیکەوە بەردەوام پاڵپشتی ڕزگاربووان لە گەیشتنیان بە دادپەری و ئاشتی بکەین".
هێرشەکەی داعش لە 2014 بۆ سەر شنگال؛ کوژران و ئاوارەبوونی هەزاران ئێزدی
لە هێرشەکەی ڕۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشخابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان چوونە دەرەوە.
بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێدایک و باوک بوون.
هەر بەهۆی هێرشەکەوە، زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارە بوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
هەر بە پێی ئامارەکان، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕفێندراون کە لەو ژمارەیە تا ئێستا، سێ ھەزار و 576 کەسیان ڕزگارکراون و زیاتر لە دوو هەزار و 600 ڕفێندراوی دیکەیش ھێشتا بزرن و چارەنووسیان نادیارە.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 85 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەندین گۆڕی تاکە کەسیی ئێزدییەکان لە شنگال و دەورووبەری دۆزراونەتەوە.