پیانۆژەنە ڕەخنەگرەکەی ڕووسیا لە گرتووخانە گیانی سپارد
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمڕۆ، دووشەممە، 05-08-2024، دایکی پیانۆژەنێکی ڕووسی ڕایگەیاند "کوڕەکەی کە بەهۆی دروستکردنی ڤیدیۆی ڕەخنەیی دژی شەڕی ئۆکرانیا زیندانی کرابوو، لە گرتووخانەیەکی ڕووسیا گیانی سپاردووە".
پاڤێل کوشنیر، تەمەن 39 ساڵ، بەپێی چەند سەرچاوەیەک، لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە شاری بیرۆبیدژان لە ڕۆژهەڵاتی دووری ئەو وڵاتە گیانی سپاردووە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستە بە فەرمی کۆچی دوایی ئەم بەرهەڵستکارە ڕانەگەیەنراوە.
ئیرینا لیڤینا، دایکی پیانۆژەنی کلاسیکی پاڤێل کوشنیر، بۆ ماڵپەڕی مێدیازۆنا،دواوە و گوتوویەتی کە کورەکەی لە ناوەندی دەستبەسەرکردنەکەدا گیانی سپاردووە.
دایکی کوشنیر، بە ئاژانسی فرانس پرێس گوتووە: لەلایەن لێکۆڵەرێکی خزمەتگوزاریی ئەمنی FSB لە بیرۆبیدژان ئاگەدار کرامەوە. ڕۆژی 28ی تەمموز بەهۆی مانگرتنەوە گیانی سپاردووە.
ئۆلگا ڕۆمانۆڤا، دامەزرێنەری ڕێکخراوی ڕوس سیدیاشچیا (ڕووسیا لە زیندان) کە بەرگریی لە دەستگیرکراوەکان دەکات لە ڕووسیا، بە تەلەفزیۆنی کەرنت تایمی ڕاگەیاندووە "کوشنیر بەبێ ئاو مانی لە خواردن گرتووە و جەستەی دەروەستی مانگرتنەکە نەهاتووە".
فرانس پرێس ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیمی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرۆکی کۆچکردووی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا، لە پلاتفۆرمی سۆشیالمێدیای ئێکس، بانگەوازێکیان بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ گەڕاندنەوەی جەستەی بۆ شاری تامبۆڤی زێدی خۆی بڵاو کردەوە.
دەستبەسەرکردنی کوشنیر لە مانگی ئایاردا لەلایەن کەناڵێکی مەسنجەری تێلێگرامەوە سەبارەت بە بیرۆبیدژان بڵاو کرایەوە، کە وای گەیاندبوو کۆشنیر "بانگەوازی بۆ تیرۆر" کردووە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ڤۆت تاک، لە تشرینی دووەمی 2022ەوە، ئەو پیانۆژەنە چوار ڤیدیۆی ڕەخنەیی لە کرێملین و لەشکرکێشی ئۆکرانیا لە کەناڵێکی یوتیوب بڵاو کردبووەوە کە تەنها چەند بینەر و فۆڵۆوەری کەمی هەبوو.
لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە ئاژانسی فرانس پرێس بینیویەتی، کوشنیر بانگەشەی "نەخێر بۆ شەڕی ئۆکرانیا"، "نەخێر بۆ ڕژێمی فاشیستی پوتین" و "ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی" ڕاگەیاندبوو. ناوبراو کۆمەڵکوژیی خەڵکی مەدەنی لە بوچای نزیک کیێڤ ئیدانە کردبوو و بەوەی سوپای ڕووسیا تێوەی گلاوە.
ئەو، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە مانگی کانوونی دووەم بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت: ژیان هەرگیز لە ژێر سێبەری سیستەمێکی فاشیزمیدا نابێت؛ ئازادی، داهێنان، دڵسۆزی، ڕاستی، جوانی و ڕووخسارێکی مرۆڤ.
کوشنیر، لە کۆنسێرڤاتۆری چایکۆڤسکی لە مۆسکۆ خوێندوویەتی کە بە یەکێک لە باشترین کۆلێژەکانی مۆسیقای ئەو وڵاتە دادەنرێت. لە ساڵی 2023 بووەتە سۆڵۆیست لە فیلاهارمۆنیای بیرۆبیدژان.
کوشنیر، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ مێدیاکانی ڕووسیا لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2023، ڕایگەیاندبوو کە "هونەر زۆر لە نزیکەوە پەیوەستە بەو بەهایانەی کە بۆ خۆم هەڵمبژاردووە و هیوادارم ژیانمیان بۆ تەرخان بکەم".
